تەندروستیی سلێمانی: دوو ساڵە داوای 30 ئەمبوڵانسمان کردووە ئێستا 10 دانەیان بۆ دابینکردووین

بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە ژمارەیەک ئەمبوڵانسی بەسەر بەڕێوەبەرێتییەکانی سنوورەکەیدا دابەشکرد، ئەمە لەکاتێکدا ماوەی دوو ساڵە داوای ئەو ئەمبوڵانسانە کراوە و ئێستا بەشێکی کەمی دابینکراوە.

دکتۆر هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئەمڕۆ 10 ئەمبوڵانس لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی دابەشکراوە، کە پێش دوو ساڵ داوای ئەو ئەمبوڵانسانە کراون.

ئەمبوڵانسەکان، سێ ئەمبوڵانس بۆ پێنجوێن، دووان بۆ سەیدسادق، دووان بۆ شارەزوور و سیان بۆ دەربەندیخان بوون.

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی وتی، “ئێمە داوای 30 ئەمبوڵانسمان کردووە وەک پێداویستیی سنوورەکەمان، ئێستا دوو ساڵ دەبێت کە داوامان کردووە بەڵام تەنها 10 ئەمبوڵانسیان بۆ دابینکردووین”.

ماوەی ساڵێکە دۆخی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی خراپە و لە قەیراندایە، ئەوەش بەهۆی خەرجنەکردنی پارە بۆ کۆمپانیاکانی دابینکردنی دەرمان لە سنوورەکە.

لە هەفتەی رابردووشدا دکتۆر ڕەهێڵ فەرەیدوون بریکاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان هۆشداریدا کە ئەگەر دۆخی دەرمان لە سلێمانی بەمجۆرە بەردەوام بێت تا کۆتایی ساڵ گرفتەکە قوڵتر دەبێتەوە.

بابەتی پێشتر

لاهور جەنگی پاکانە بۆ هەڵەکانی رابردووی دەکات

بابەتی دواتر

مووچەی هەر کارمەندێکی بیانی لە کێڵگە نەوتییەکانی عێراق هێندەی مووچەی 246 کارمەندی عێراقییە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share