دوو توێژ مووچەیان بۆ دەستەبەردەكرێت و ژنانیش دەگرێتەوە.
دەستەی پاراستنی كۆمەڵایەتی لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی عێراق رایگەیاند، یەك ملیۆن و 800 هەزار كەس سوودمەندن لە مووچەی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی كە دەدرێت بە خێزانە كەمدەرامەتەكان.
سەنا موسەوی سەرۆكی دەستەی پاراستنی كۆمەڵایەتی لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دەڵێت، “دوو ملیۆن و 300 هەزار كەس بە شێوەی ئەلیكترۆنی خۆیان ناونووسكردووە و مامەڵەی وەرگرتنی مووچەیان پێشكەشكردووە، دوای وردبینی و پاكتاوكردنی ناوەكان، مووچەیان بۆ دەستەبەردەكرێت”.
وتیشی، بەپێی یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2014، جگە لە پیاوان، ئەو ژنانەی هاوسەرەكانیان لەدەستداوە و ئەوانەشی جیابوونەتەوە، لەگەڵ ژنانی بەساڵاچوو و كچانی بە تەمەن و كچانی بێ دایك و باوك و خاوەن پێداویستیی تایبەت مووچەیان بۆ دەستەبەردەكرێت و بڕەكەی لە 275 هەزار دینارەوە تا 400 هەزار دینار دەبێت.