ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان پەیامی بۆ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەیە و دەڵێت، “چاودێری دەكەین”.
لە راگەیەندراوێكدا كە لە رێگەی ستیفان دوجاریك وتەبێژی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بڵاوكرایەوە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش پێشوازی لە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق كرد و رایگەیاند، ئاگادارن سێ ژن لە كۆی 21 پۆستی وەزاریدا كراون بە وەزیر و هیواخوازن ئەو دوو پۆستە وەزارییەی ماونەتەوە، لە زووترین كاتدا وەزیریان بۆ دیاریبكرێن.
ستیفان دوجاریك دەڵێت، “سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان حكومەتی نوێ هاندەدات داواكارییەكانی خەڵك بەجێبهێنێت كە داوای چاكسازی و لێپرسینەوە و داهاتوویەكی باشتر دەكەن”.
سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، جارێكی تر پابەندبوونی تەواوی خۆی بۆ پشتیوانیكردنی عێراق و گەلەكەی دووپاتكردووەتەوە وەك راگەیەندراوەكە ئاشكرایكردووە و دەڵێت، “پشتیوانی عێراق و گەلەكەی دەبین”.