مەڵبەندی هەولێری بزوتنەوەی ئیسلامی چووەپاڵ كامیلی حاجی عەلی

مەڵبەندی هەولێری بزوتنەوەی ئیسلامیی كوردستان، پشتیوانیی خۆی بۆ كامیلی حاجی عەلی ڕاگەیاند و چووەپاڵ باڵەكەی ناوبراو لەناو بزوتنەوەدا. وتەبێژی حزبەكەش دەڵێت، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز مافی بوون بە ڕابەری نییە و كامیلی حاجی عەلی ڕابەری شەرعیی بزوتنەوەیە.

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە ئەمڕۆ شەممە لە هەولێر ڕێكخرا، بەرپرس و كادرەكانی مەڵبەندی هەولێری بزوتنەوەی ئیسلامیی كوردستان چوونەپاڵ كامیلی حاجی عەلی كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا حزبێكی نوێی بە هەمان ناو و لۆگۆی بزوتنەوەی ئیسلامییەوە ڕاگەیاندبوو.

محەمەد بازیانی، كە ڕێكخەری بزاڤی چاكسازی و گەشە بوو و دوای یەكگرتنی لەگەڵ باڵەكەی كامیلی حاجی عەلیدا كرا بە وتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامیی كوردستان، لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا ڕایگەیاند، “كامیلی حاجی عەلی دەنگی 265 ئەندامی كۆنگرەی بزوتنەوەی بەدەستهێناوە كە دەكاتە 80.7%ی دەنگەكانی كۆنگرە، بەوەش بووە بە ڕابەری شەرعیی بزوتنەوەی ئیسلامی”.

بازیانی ڕاشیگەیاند، “بەپێی پەیڕەو و پرۆگرامی بزوتنەوەی ئیسلامی، ڕابەری گشتی مافی ئەوەی نییە لە دوو خوول زیاتر خۆی بۆ ئەو پۆستە كاندیدبكات، بۆیە عیرفان عەلی عەبدولعەزیز مافی خۆكاندیدكردنی نەبووە و ئەو كارە پێچەوانەی پەیڕەو و پرۆگرامی حزبە” كە وەك دەستوور و یاسا لێیدەڕوانن.

ئاشكرایكرد، لە دادگا سكاڵایان تۆماركردووە دژ بە كۆنگرەی بزوتنەوەی ئیسلامی بەو پێیەی “كۆنگرە یاسایی نەبووە و پێشێلكاریی زۆری تیادا كراوە”، یەكێك لە هۆكارەكانیشی گەڕاندەوە بۆ نەبوونی دادوەر لە كۆنگرەكەدا بۆ ئەوەی مافی بوون بە ڕابەری گشتی بدات بە كامیلی حاجی عەلی.

محەمەد بازیانی، عیرفان عەلی عەبدولعەزیزی وەك ڕابەری پێشووی بزوتنەوەی ئیسلامی ناوبرد و وتی، بەڵگەی زۆریان لایە كە “كۆنگرەی بزوتنەوەی ئیسلامی یاسایی و شەرعی نەبووە و ڕابەری پێشوو هیچ مافێكی یاسایی و شەرعیی نییە، بەڵكو خۆی سەپاندووە و بە فێڵ و تەڵەكەبازی و پێشێلكردنی پەیڕەو و پرۆگرام خۆی كردووە بە ڕابەری گشتی”.

وتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامی جەختیكردەوە كە ئەوەی ئەوان كردوویانە جیابوونەوە نییە لە بزوتنەوە، بەڵكو “گەڕاندنەوەی مافە بۆ خاوەنەكەی كە كامیلی حاجی عەلییە” و ئاشكرایكرد، لە ڕۆژانی داهاتوودا گۆڕانكاریی دیكە ڕوودەدەن و لە كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا ڕایاندەگەیەنن.

بابەتی پێشتر

قائیمقامیەتی سلێمانی هۆشداریدەدات

بابەتی دواتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی گەیشتە بەغداد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share