وەزارەتی سامانە سروشتییەكان وەڵامی وەزیری نەوتی عێراق دەداتەوە

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم وەڵامی وەزیری نەوتی عێراق دەداتەوە و داوادەكات لێكۆڵینەوە لە كۆی پڕۆسەی نەوتی عێراق بكرێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، وەزیری نەوتی حكومەتی كاربەڕێكەری عێراق، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی (ئەلعێراقییە)، بۆ جارێكی دیكە لە باسكردنی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان، ڕای گشتی بەلاڕێدا دەبات و هەوڵی ئەوە دەدات ڕاستییەكان بشێوێنێت، لە كاتێكدا پێشێلكاری و نایاسییەكی زۆر لە دۆسیەی نەوت و گازی عێراقدا ھەیە، هەر لە گۆڕینی گرێبەستەكانی نەوت بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بگرە، تا بە هەدەردانی ملیۆنان دۆلار لە لایەن كۆمپانیای سۆمۆ لە فرۆشتنی نەوت و دیارنەمان و بە هەدەردانی نەوت و چەندین دۆسیەی دیكە.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، هەرێمی كوردستان بەبێ ئەوەی ھیچ بارگرانییەك لە سەر بودجەی گشتیی عێراق دروستبكات و بەھۆی سیاسەتێكی حەكیمانەوە و بە پێی مافە دەستووریەكانی، توانیویەتی بە ڕاكێشانی وەبەرهێنانی دەرەكی، پەرە بە بەرهەمهێنانی نەوتدا بدات كە لە بەرژەوەندیی گشتیی خەڵكی عێراق بووە و كۆی گشتیی پرۆسەی نەوت و گازی كوردستان و داهاتەكەشی، لە ژێر چاودێری و وردبینیی یەكێك لە كۆمپانیا بەناوبانگەكانی جیهان لە بواری وردبینییەوەیە كە ئەویش كۆمپانیای دیلۆیتە.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، قسەكانی وەزیری نەوت، ناتوانێت ئەو ڕاستییە بشارێتەوە كە ساڵانە بە بودجەی زیاتر لە 12 ملیار دۆلار لەسەر حسابی خەڵكی عیراق و هەرێمی كوردستان كە تەنانەت بە خەرجیش هەژمار ناكرێت و لەو دوازدە ملیار دۆلارەش بەشی هەرێمی كوردستانیش بۆ خۆیان خەرجدەكەن، سەرەڕای ئەوەی زۆربەی هەرە زۆری كێلگە زەبەلاحەكانی باشووری عێراق لە سەردەمی حكومەتەكانی پێشوو دۆزراونەتەوە، كەچی ئاستی بەرهەمهێنانیان تەنها بە بڕی یەك ملیون بەرمیل زیادیكردووە، لە كاتێكدا بە پێی قسەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق خۆی، دەبووایە ئێستا ڕۆژانە 10 ملیۆن بەرمیلیان بەرهەمهێنابووایە.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئێمە لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان تۆمەتەكانی وەزیری نەوتی عێراق سەبارەت بە جیاوازیی نێوان گرێبەستەكان و بڕی دەرهێنراوی كێڵگەكانی نەوتی هەرێم ڕەتدەكەینەوە، هەروەك چۆن بڕیارە نادەستوورییەكەی دادگای فیدراڵی عێراقیش دژی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان بە بڕیارێكی سیاسی دەزانین كە مەبەست و مەرامەكەی گوشار خستنە سەر هەرێمی كوردستان و بودجە و بژێوی خەڵكی هەرێمی كوردستانە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕاشیدەگەیەنێت، “ئێمە بە مافی خۆمان دەزانین كە لێكوڵینەوە لە كۆی گشتیی پرۆسەی نەوتی عێراق بكرێت و چیتر پەلاماردانی هەرێمی كوردستان، بۆ پەردەپۆشكردنی دۆسییە ناشەفافەكانی نەوتی عێراق بەكار نەهێندرێت”.

بابەتی پێشتر

دایکی کریستیانۆ بەڵێنێک بە سپۆرتینگ لشبۆنە دەدات

بابەتی دواتر

باوکی ڕۆحيی ئیخوان موسلیمین

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی دۆلار دابەزی

نرخی دراوە جیهانییەکان ئەمڕۆ یەکشەممە 13ی کانونی یەکەم، لە بازاڕەكانی هەرێم بڵاوکرایەوە و بەپێی ئەو نرخانەش دۆلاری ئەمریکی…
Total
0
Share