فراكسیۆنی یەكێتی: سوورین لەسەر ڕێگریکردن لە توندوتیژی و لەگەڵ یاسایەكیش نابین دژ بە بنەماكانی ئایین بێت

فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، سوورین لەسەر ڕێگریکردن لە توندوتیژی دژی ژنان و مرۆڤایەتی و دەشڵێت، لەهەمان كاتدا ھەرگیز لەگەڵ سیاسەتێک، یان یاسایەکدا نابین کە دژ بە بنەماکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بێت.

دەربارەی یاسای توندوتیژیی خێزانی كە بەمدواییە گفتوگۆ و دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا هەڵوێستی خۆی نیشاندەدات و دەڵێت، هەمیشە ڕوون و ڕاستگۆ بووین لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. بۆیە جەختدەکەینەوە کە سوورین لەسەر ڕێگریکردن لە توندوتیژی دژی ژنان و مرۆڤایەتی، بە هەموو شێوەیەک دژی ژن کوشتنین. بڕوای تەواومان بە پاراستنی ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیریی خێزانی هەیە و لە پرەنسیپە بنەڕەتیەکانمانە و خەباتیشی لەپێناودا دەکەین.

دووپاتیشیدەكاتەوە، “بەلای ئێمەوە هیچ شەرەفێک لە ژن کوشتندا نیە. توندوتیژی دژی ژنان، تاوانن و دژی دابونەریت و کەلتووری کوردەواریی ڕەسەنن و لەو پێناوەشدا دەبێت یاساکانمان لە خزمەتی ئەم ئاراستەیەدا ببن”.

مێژووی کوردستان پڕە لە نموونەی ئاکاری جوانی یەکسانی لە نێوان ژن و پیاودا. ئەوەش ئەو کوردستانەیە کە یەکێتی لەپێناویدا خەبات دەکات. کوردستانێک کە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی تێدابێت، وەك ئەوەی لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، لەگەڵ ئەوەشدا دووپاتیدەكاتەوە، “ھەرگیز لەگەڵ سیاسەتێک، یان یاسایەکدا نابین کە دژ بە بنەماکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بێت و ڕێزی ئایینەکانی تر و مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤیش دەگرین”.

دەشڵێت، ئەگەر گومانێک هەبێت لەھەر هەنگاوێک، یان پێشنیازە یاسایەک کە دژی ئەو پرەنسیپانەی سەرەوە بێت، بەدڵنیاییەوە فراکسیۆنی یەکێتی، جەختدەکات لەسەر پشتیوانیکردن لەسەر وتە و هەڵوێستی فەرمی سەرۆکی پەرلەمان لەسەر پابەندبوونی دامەزراوەکە بە بەها و بنەما سەرەکییەکانی شەریعەتی ئیسلامی.

سەبارەت بە كاركردنیش لەسەر پڕۆژە یاساكە فراكسیۆنی یەكێتی داوادەكات لەبەر ڕۆشنایی ئەو پابەندبوونە، مامەڵە لەگەڵ هەنگاوەکانی داهاتوو سەبارەت بە پێشنیازە یاساکە بکرێت، کە لە بنەڕەتدا خاڵی هاوبەش و هاوڕای تەواوی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان بووە.

بابەتی پێشتر

سەرۆکی غینیای ئیستیوائی دوای 43 ساڵ دەسەڵات خۆی کاندید دەکاتەوە

بابەتی دواتر

گەوهەرەكەی تێنسی سەرزەوی وازیهێنا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share