مەسك: ئینتەرنێتی ئازاد بۆ ئێران دابیندەكەین

ئیلۆن مەسك دەڵێت، خزمەتگوزاریی ستارلینك بۆ ئینتەرنێت لەڕێی مانگە دەستكردەكانەوە بۆ ئێران دابیندەكەن، وەك وەڵامدانەوەی تویتێكی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دەربارەی پاڵپشتیی وڵاتەكەی بۆ ئازادیی ئینتەرنێت و ئازادیی زانیاری.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا لەكاتێكی پێشتری دوێنێ هەینیدا ژمارەیەك ڕێنوێنی دەركرد دەربارەی بەرفراوانكردنی خزمەتگوزاریی بەردەست بۆ هاوڵاتییانی ئێران سەرەڕای سزا سەپێندراوەكانی سەر ئێران، ئەمەش هاوكات لەگەڵ ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانەی بەهۆی كوژرانی ژینا ئەمینی كچە كورد لە تاران، ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە.

دووشەممەی ڕابردوو ئیلۆن مەسك سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای سپەیس ئێكس ڕایگەیاند، كۆمپانیاكەی داوای بەخشین لەو سزایانە دەكات كە بەسەر ئێراندا سەپێندراوە بۆ فەراهەمكردنی خزمەتگوزارییەكانی ستارلینك لەسەر ئاستێكی بەرفراوان بۆ وڵاتەكە لەڕێی مانگە دەستكردەكانەوە.

دوای ئەوەش ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە تویتێکدا ڕایگەیاند، ”ئێمە ئەمڕۆ هەنگاومان نا بۆ پێشخستنی ئازادی ئینتەرنێت و گواستنەوەی ئازادانەی زانیاری بۆ گەلی ئێران، هەروەها دەرکردنی مۆڵەتی گشتی بۆ ئەوەی دەستڕاگەیشتنێکی زیاتریان بە پەیوەندییە دیجیتاڵییەکانەوە هەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی سانسۆرکردنی حکومەتی ئێران”، لە کۆمێنتێکدا ئیلۆن مەسک کە بۆ تویتەکەی ئەنتۆنی بلینکن نوسیویەتی ”ستارلینک کاراکرا”.

كۆمپانیاكەی هەمان خزمەتگوزاری بۆ ئۆكرانییەكان بەردەست خست لەو شەڕەدا كە ئێستا وڵاتەكەیانی گرتووەتەوە.

بابەتی پێشتر

ئەو بوونەوەرەی وەک "مرۆڤ" زەردەخەنە دەکات

بابەتی دواتر

سەرۆکی غینیای ئیستیوائی دوای 43 ساڵ دەسەڵات خۆی کاندید دەکاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share