شارەوانی چەندین پڕۆژەی هەیە
هاتوچۆی سلێمانی: قەرەباڵغی شەقامەکان بە ئێمە چارەسەر ناکرێت

شەقامەکانی سلێمانی ڕۆژانە و بەتایبەتی لە بەیانیان و هاتوچۆی فەرمانبەران و خوێندکاراندا قەرەباڵغییەکی زۆر بەخۆوەدەبینێت، هاتوچۆی سلێمانیش دەڵێت، ئێمە بە ڕێکارمان دەستپێکردووە بەڵام ئەوە بەس نییە، شارەوانیی سلێمانیش باس لە ژمارەیەک پڕۆژەی جیاواز دەکات.

لەو بارەیەوە بەختیار محەمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، قەرەباڵغەییەکی زۆر لە شەقامەکاندا هەیە، بەتایبەت لەدوای دەستپێکردنەوەی خوێندن و کردنەوەی قوتابخانەکان، ئەویش تەنها بە ڕێکارەکانی هاتوچۆ چارەسەرنابێت.

وتیشی، “ئێمە ژمارەیەک ڕێکارمان دەستپێکردووە، یەکێک لەوانە ڕێگریکردنە لە هاتوچۆی بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلە گەورەکان لە بەیانیاندا و ڕۆژانەش مەفرەزەکانی هاتچۆ ڕێگرییان لێدەکەن، بەڵام ئەوە بەس نییە و شەقامەکان خۆی ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی بچووکیان تێدایە”.

ئاماژەی بەوەکرد، کە دەبێت بە پڕۆژەکانی بەرزەپرد و ڕێگای فراوان چارەسەربکرێت.

لەلایەکی دیکەوە ئاکۆ عەلی جێگری سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئێمە ژمارەیەک پڕۆژەمان هەیە کە دەتوانن چارەسەری قەرەباڵغیی شەقامەکان بکەن، هەندێکیان لە جێبەجێکردندان و بەشێکیشیان هێشتا نەچوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە”.

لەگەڵ ئەوەشدا جێگری سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی، جەختدەکاتەوە لەوەی گرنگترین چارەسەر بەکارهێنانی هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتییە وەک پاس و شەمەندەفەر، کە بە وتەی جێگری سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی بەکارهێنانی پاس باشترین چارەسەرە.

ئاکۆ عەلی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەگەر هەر کەسێک و ئۆتۆمبێلەکەی نەهێنێتەدەرەوە و لەڕێگەی هێڵە گشتییەکانەوە هاتوچۆ بکەن قەرەباڵغی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمدەبێتەوە.

باسی لەوەشکرد، شارەوانی سلێمانی چەندین پڕۆژەی هەیە، لەوانە ئەندەر پاسێک لە دووڕیارنی بەکرەجۆ، ئەندەرپاسێک لای نەخۆشخانەی هەرێم لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود، چوار ئەندەر پاسی دیکە لای گەڕەکی چوارچرا و چەند شوێنێکی دیکە.

ئەمە سەرەڕای ئەوەی تەواوبوونی شەقامی سەد مەتریی سلێمانی دەتوانێت بەشێکی زۆری ئەو قەرەباڵغیەی لەناو شاردا هەیە بیباتە دەرەوەی شار و لۆدی شەقامەکانی ناوشار کەمبکاتەوە، جێگری سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی وای وت.

لە ماوەی ڕابردوودا بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی بە بڕیارێک هاتوچۆی بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلی گەورەی لە شەقامەکانی ناو شاری سلێمانیدا ڕاگرت، بڕیارەکە لە کاتژمێر 7:00 بۆ 10:00ی بەیانی جێبەجێدەکرێت.

بابەتی پێشتر

شارەوانیی سلێمانی ئامادەکاری بۆ هاتنی وەرزی بارانبارین دەکات

بابەتی دواتر

بە تۆمەتی هەڕەشەی  بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی ژنێک دوو کەس دەستگیرکران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share