شەش بەنداو و 23 پۆند ڕەزامەندییان لەسەردراوە و لە جێبەجێکردندان
هیچ یەکێکیان بۆ ئەمساڵ سوودیان نابێت

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشکە ساڵی چەند هەنگاوێکی دەستپێکردووە، لە گرنگترینیان دروستکردنی بەنداو و پۆندە کە ژمارەیان 29 پرۆژەیە و بەشێکیان لە جێبەجێکردندان.

حوسێن حەمە کەریم وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، پلانی ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی گشتگیرە و زۆر لایەن دەگرێتەوە، دروستکردنی بەنداو و پۆندەکان یەکێکە لە پلانە بنەڕەتییەکان کە وەزارەتی کشتوکاڵ لەسەرەتای ئەمساڵەوە دەستیپێکردووە.

ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، وەزارەت بڕیاری لەسەر دروستکردنی شەش بەنداو و 23 پۆند داوە، وەک پلانی سەرەکیی ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی، ئەو بەنداو و پۆندانە بەسەر سەرجەم پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمدا دابەشبوون.

سەبارەت بە قۆناغەکانی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ڕایگەیاند، پۆندەکان کە ژمارەیان 23 پۆندن ڕەزامەندییان لەسەر دراوە و دراوەتە بەڕێوەبەرایەتییەکان بەمەبەستی هەنگاوەکانی جێبەجێکردن.

باسی لەوەکرد، ئەو شەش بەنداوەشی بڕیاریان لێدراوە، هەموویان لە قۆناغەکانی جێبەجێکردندان و لە کۆتایی ئەمساڵدا تەواودەبن کە بەنداوی بچوک و مامناوەندن.

لەبارەی ئەوەی کەی دەتوانرێت سوود لەو پڕۆژانە وەربگیرێت بۆ گلدانەوەی ئاو، حوسێن حەمە کەریم ئاماژەی بەوەکرد، لەمساڵدا هیچ یەکێک لە پڕۆژەکان تەواو نابن تاوەکو سوودیان لێوەربگیرێت و بۆ ساڵی داهاتوو گرنگیی زۆریان دەبێت بۆ کۆکردنەوەی ئاو.

سەبارەت بە جیاوازیینێوان پۆند و بەنداو وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ وتی، پۆند بچوکترە بە گڵ دروستدەکرێت و تێچوو و ماوەی دروستکردن و تەکنیکەکەشی جیاوازە لە بەنداو.

لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا سێ بەنداوی گەورە ھەن کە  ئەوانیش بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان و دھۆکن، ھەروەھا 14 بەنداوی مامناوەند و بچووکیش ھەن.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی خوێندنی باڵا کاتی کاراکردنی زانکۆلاینی ئاشکراکرد

بابەتی دواتر

وەزارەتی ئەوقاف ڕێنمایی نوێ بۆ مزگەوتەكان بڵاودەكاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share