بەڕێوەبەری حەج و عومرە: نرخی هەر گەشتێکی عومرە 200 دۆلار دابەزیوە

بەڕێوەبەری عەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، نرخی هەر گەشتێکی عومرە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو 200 دۆلار دابەزیوە ئەوەش بەهۆی ئاسانکارییەکان بۆ کردنەوەی کۆمپانیای زیاتر و کێبڕکێ لەنێوانیان دەگەڕێتەوە، ڕەتیشیکردەوە لە هەرێم ڕێگە بە گەشتی وشکانی بدرێت.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا نیاز نەقشبەندی بەڕێوەبەری حەج و عومرە لە وەزارەتی ئەوقاف ڕایگەیاند، ئەمساڵ لەکاتی کردنەوەی ناوتۆمارکردنی کۆمپانیاکانی حەج و عومرە ئاسانکارییان بۆکراوە تاوەکو زۆرترین کۆمپانیا بتوانن ئەو گەشتانە ئەنجامبدەن.

وتیشی، پێشتر ئەگەر کەسێک بیویستایە کۆمپانیا دابمەزرێنێت لەوبوارەدا دەبوایە حاجی بێت و کۆمپانیاکەی بۆ حەج و عومرەش بێت، بەڵام ئەمساڵ جیاکراوەتەوە لەنێوان ئەو کۆمپانیایانەی تەنها گەشتی عومرە دەکەن لەگەڵ ئەوانەی حەج و عومرە دەکەن، بۆیە بۆ کۆمپانیاکانی عومرە مەرجی ئەوەی دەبێت حاجی بێت و حەجی کردنێت هەڵگیرا.

بەڕێوەبەری حەج و عومرەی هەرێم ئاماژەی بەوەکرد، کە ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیا ناویان تۆمارکردووە بەوەش کێبڕکێ لەنێوانیاندا دروستبووە بۆ هەرزانیی نرخی گەشتەکانیان کە تا ئێستا 160 کۆمپانیا دەبن و تا مانگی تەمووزی ساڵی 2023 ئەو کۆمپانیایانە گەشتەکان دەکەن، وتی، “کۆتا نرخ کە لای ئێمەیە کۆمپانیایەکە گەشتی عومرە بە 720 دۆلار ئەنجامدەدات”، ئەوە لەکاتێکدا لە ساڵی ڕابردوودا نرخەکەی هەزار دۆلاربووە بەوەش بە تێکڕا نرخی هەر گەشتێکی عومرە 200 دۆلار دابەزیوە.

سەبارەت بە گەشتکردنی بە ڕێگای وشکانی کە دوای 30 ساڵ لە ڕاگیرانی ئەمساڵ لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەستیپێکردەوە، نیاز نەقشبەندی وتی، “ئێمە بەهیچ شێوەیەک ڕێگەمان بە گەشتی وشکانی نەداوە و ڕێگەشی پێنادەیەن سەرجەم مۆڵەتەکانمان لەگەڵ کۆمپانیاکان بەوجۆرەیە کە لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە بێت”.

ئاماژەی بەوە ئەوەکرد، کە ڕێگە نادەن بە هیچ کۆمپانیایەک هاوڵاتیی هەرێمی کوردستان ببەنە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق تاوەکو بە ڕێگەی وشکانی گەشتی عومرە بکەن، هۆکارەکەشی بۆ مەترسیداری و دووریی ڕێگاکە گەڕاندەوە کە لەڕووی ئەمنییەت و سەلامەتییەوە گرەنتیکراو نییە.

بابەتی پێشتر

ڕێوڕەسمی دەستبەكاربوونی پادشای نوێی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت

بابەتی دواتر

لوبنان پێدانی ڤیزا و مانەوەی بۆ هاوڵاتییانی هەرێم و عێراق كردە خۆڕایی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share