داوای مافی پەنابەری لە ئەوروپا بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووە

یەكێك لە كەمپەكانی كۆچبەران لە یۆنان فۆتۆ: فرانس پرێس

ژمارەی ئەو كەسانەی داوای مافی مانەوەیان لە وڵاتانی ئەوروپا كردووە لەنیوەی یەكەمی ئەمساڵدا بەڕێژەی دوو لەسەر سێ بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2021 زیادیكردووە، حوزەیرانی ڕابردوو دووەم بەرزترین ژمارەی تیا تۆماركراوە.

دەزگای پەنابەریی ئەوروپا ڕایگەیاند، داواكاری مافی پەنابەری لە وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا بەڕێژەی 68% زیادیكردووە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2021 و، گەیشتووەتە نزیكەی 406 هەزار.

ژمارەی داواكارییەكان تەنها لە حوزەیرانی ڕابردوودا نزیكەی 73100 داوا بووە، كە دووەم بەرزترین ژمارەی مانگانەیە لە ترۆپكی قەیرانی كۆچبەرانەوە لە ساڵانی 2015 و 2016، بەپێی ژمارە كاتییەكان.

زۆرینەی داواكارانی مافی مانەوە لەو مانگەدا لە ئەفغانستان-ەوە بووە بە 9100 داواكاری، دوای ئەو سوریا 8900، فەنزوێلا 4800، كۆڵۆمبیا 3900، پاكستان 3700 و توركیا 3600 داواكاری.

دەزگاكە ئۆكرانییەكانی لە مانگی حوزەیراندا بە نزیكەی 1200 داوا ئەژماركردووە و ئاماژەی بەوەشكردووە، كە بە دۆخێكی جیاواز ئەژماركراون.

لە سەرەتای شەڕی ڕوسیاوە بۆ سەر ئۆكرانیا لە 24ی شوباتی رابردوو تا 4ی ئەم مانگە زیاتر لە 2.4 ملیۆن كەس داوای پارێزگاریی كاتییان لە یەكێتیی ئەوروپا كردووە، زۆرینەیان هەڵگری ڕەگەزنامەی ئۆكرانی-ن.

بابەتی پێشتر

ئەمریکا: کامپی هۆل بووەتە مەترسی بۆ ناوچەکە تەنها چارەسەریش گەڕاندنەوەیانە بۆ وڵاتەکانیان

بابەتی دواتر

خشتەی یارییەكانی ئەمڕۆ بزانە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share