ئەنجومەنی باڵای نەوت و گازی هەرێم.. ئەنجومەنە نادیارەكە

لە هەرێمی كوردستان ئەنجومەنێك هەیە بەناوی “ئەنجومەنی هەرێمی بۆ نەوت و گاز”، كە وەك ئەنجومەنی باڵای نەوت و گاز دەبینرێت و دەبێت چارەنووسی كەرتی وزە لای ئەو ئەنجومەنە بێت.

بەڵام لە كاتێكی هەستیاری وەك ئێستادا و كە هەرێمی تێدایە لەڕووی ئابورییەوە، ئەو ئەنجومەنە بێدەنگ و ونە، تەنانەت بە درێژایی كابینەی نۆ ئەنجومەنەكە یەك كۆبوونەوەشی ساز نەكردووە.

“ئەو ئەنجومەنە پارتییە و هەر ئەو حزبەش ناهێڵێت كارا بێت”

سەبارەت بە كارانەبوونی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ نەوت و گاز لە كابینەی نۆی حكومەتی هەرێمدا، سەركۆ ئازاد، بڕیاردەری لیژنه‌ى وزه‌ و سامانە سروشتییه‌كان و پیشه‌سازى و بازرگانی لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئەنجومەنی باڵای نەوت و گاز ئەنجومەنێكی پارتییە، لە دوای دروستبوونی كابینەی نۆی حكومەتی هەرێمەوە بە بیانوی نەبوونی وەزیری سامانە سروشتییەكان كۆنەبووەتەوە”.

بڕیاردەری لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكانی پەرلەمان كە لە فراكسیۆنی سەوزە ئەوەشی خستەڕوو، “كە دەپرسین بۆ تا ئێستا وەزیری سامانە سروشتییەكان دانەنراوە؟، پێمان دەڵێن، مەسرور بارزانی بە وەكالەت بەڕێوەی دەبات و یاساییە، هەر ئەوەش بە هۆكاری ئەوە دادەنێن كە ئەنجومەنەكە كۆنابێتەوە و ئەمەشمان لەگەڵ تیمی وزاریی یەكێتی باس كردووە”.

لەبارەی هۆكاری ڕێگری لە كارانەبوونەوەی ئەنجومەنەكەی نەوت و گاز، سەركۆ ئازاد ئاماژەی بەوەكرد، “نایانەوێت كۆبوونەوە بكرێت، چونكە داوا دەكرێت چاكسازی لە كەرتی نەوتدا بكرێت، ئەوانیش نایانەوێت چاكسازی بكەن و دەیانەوێت وەك خۆی بمێنێتەوە”.

“كۆبوونەوە و كارابوونەوەی ئەنجومەنەكە گرنگە”

بڕیاردەری لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان كارابوونەوە و كۆبوونەوەی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ نەوت و گاز بە گرنگ دەزانێت و دەڵێت، “گرنگە لەبەر ئەوەی نوێنەری لایەنە سیاسییەكانی تێدایە، ئەوكاتە بڕیاری كەرتی نەوت لای كەسێك یان لایەنێكی سیاسی نامێنێتەوە”.

“هۆكاری كۆنەبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای نەوت و گازی هەرێم سیاسییە”

گوڵیزار سندی، جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكانی پەرلەمان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئەو ئەنجومەنە گرنگە كارا ببێتەوە، چونكە ڕۆڵی خۆی دەبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی وەزیری سامانە سروشتییەكان دیاری نەكراوە بۆیە كۆنەبوونەتەوە، لەكاتێكدا بڕیاربوو كەسێك بۆ ئەو پۆستە دیاری بكرێت”.

پەرلەمانتارەكەی فاكسۆنی زەرد ئەوەشی خستەڕوو، “ئەنجومەنی نەوت گاز سەر بە حكومەتە و تەنها پارتی بەرپرسیار نییە لەوەی كارا نییە، بەڵكو حزبەكانی دیكەش بەرپرسن، بە دڵنیاییشەوە كۆنەبوونەوە و كارانەبوونی ئەنجومەنی نەوت و گاز هۆكاری سیاسییە”.

“كۆبوونەوە یان كۆنەبوونەوەی ئەنجومەنەكە هیچ كاریگەری نابێت لەسەر كەرتی نەوت و گاز”

هەرچەندە بەشێكی پەرلەمانتاران ڕەخنە لە كۆنەبوونەوە و كارانەبوونی ئەنجومەنی باڵای نەوت و گاز دەگرن، بەڵام ڕایەكی دیكە هەیە كە پێی وایە، كۆبوونەوە یان كۆنەبوونەوەی ئەو ئەنجومەنە كاریگەری لەسەر كەرتی نەوت لە هەرێم نابێت.

ڕێبین فەتاح، توێژەر و ڕۆژنامەنوسی بواری نەوت بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “كۆبوونەوە یان كۆنەبوونەوەی ئەنجومەنەكە هیچ كاریگەری نابێت لەسەر كەرتی نەوت و گاز، لەبەر ئەوەی لە هەرێمی كوردستان شتێك نییە بەناوی ستراتیژی نەوت و گاز”.

ئەو ڕۆژنامەنوسە ئەوەشی خستەڕوو، “ئەوەی گرنگە بۆ بابەتی نەوت و گاز، هەبوونی ستراتیژە بۆ كەرتەكە، لەگەڵ تەواوكردنی بەدامەزراوەكردنی نەوت و گاز لەڕێی دەركردنی چەند یاسایەكەوە”.

“پێوستە یاسای سندوقی داهاتە نەوت و گازییەكان كارابكرێت، یاسای كۆمپانیا گشتییەكانی بواری نەوت دەربكرێت، كە ئەمانە دەركران ئەوكات پرسی نەوت لە دەست كەسێك و دووان ڕزگاری دەبێت و دابەش دەبێت بەسەر ئەو دامەزراوانەدا كە هەر یەكێكیان لەلایەن چەند كەسێكەوە بەڕێوەدەبرێن”، ڕێبین فەتاح وای وت.

وتیشی، “ئێستا پەرلەمانتاران گلەیی ناشەفاف بوونی كەرتی نەوت دەكەن، لەكاتێكدا ئەوە تاوانی پەرلەمانە كە بە ئەركی خۆی هەڵنەساوە و یاساكانی تایبەت بە كەرتی نەوتی دەرنەكردووە، كەرتی نەوت بەو یاسایانە شەفاف دەبێت”.

“هیچ كام لە حزبە سیاسییەكان هیچ ڕوئیا و ستراتیژێكیان نییە بۆ كەرتی نەوت و گاز”

ئەو ڕۆژنامەنوسەی بواری نەوت ئاماژەی بەوەشكرد، “هیچ كام لە حزبە سیاسییەكان هیچ ڕوئیا و ستراتیژێكیان نییە بۆ كەرتی نەوت و گاز، حكومەتیش شارەزا نییە لەو كەرتە، زۆربەی پەرلەمانتارانی پێشوو و ئێستاش شارەزای ئەو كەرتە نەبوون و نین، ئەگەر پەرلەمانتارێكیش شارەزا بێت ئەوا حزبەكەی پاڵپشتی ناكات”.

وەك نمونە بۆ وتەكانی ڕێبین فەتاح وتی، “لە ساڵی 2006 كە هێشتا وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بە یاسا نەبوبوو بە وەزارەت گرێبەستی هاوبەشی لە وەبەرهێنان ڕاگەیاند، تا ئێستا چوار ڕەخنەی دروست لەو گرێبەستە نەگیراوە، بەداخەوە حزبەكانیش ستراتیژیان بۆ نەوت نییە و تەنها وەك موزایەدەیە ڕەخنە دەگرن”.

“پێشتر ڕەخنە دەگیرا كە داهاتی نەوت بزرە، ئیستا وەزیرەكەی بزربووە”

ئاماژەی بەوەشكرد، “پێشتر ڕەخنە لەوە دەگیرا كە داهاتی نەوت بزرە، ئێستا ڕەخنەكان بۆ ئەوەن كە وەزیری سامانە سروشتییەكان بزرە و دانەنراوە، كەرتی نەوت لە دۆخێكی زۆر خراپدایە و تا دێت پاشەكشە دەكات و بەرەو داڕمان دەڕوات”.

ڕێبین فەتاح ئاشكرایكرد، “پێویستە كۆمەڵێك كەسی شارەزا و دڵسۆز بێنە پێشەوە و لە چەند خاڵێكدا ستراتیژێك بۆ بەڕێوەبردنی كەرتی نەوت بخەنەڕوو، لەو ڕێیەوە هەوڵی شەفافكردنی ئەو كەرتە بدرێت و وا بكەن هاوڵاتییان ڕۆڵیان هەبێت لەو كەرتەدا”.

چەندین جار، لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان داوای كردووە ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز بچێتە پەرلەمان بە مەبەستی گفتوگۆكردن سەبارەت بە چەندین بابەتی تایبەت بە نەوت و گاز، دوایین جار بە نوسراوێك كە بەرواری 6ی شوباتی ئەمساڵی لەسەر بوو، ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی پەرلەمانی كوردستانی دایەوە.

لە نوسراوەكەدا كە سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی حكومەت ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستانی كردبوو ئاماژە بەوەكرابوو، “لەئێستادا سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران سەرقاڵی ڕێكخستنەوەی كاروبارەكانی تایبەت بە ئەنجومەنی هەرێمی نەوت و گازن، بۆیە پێمان باشە ئامادەبوونی ئەنجومەنی هەرێمی نەوت و گاز دوابخرێت بۆ كاتێكی دیكە، كە لەلایەن ئەم سەرۆكایەتییەوە بەڕێزتانی لێ ئاگاداردەكرێتەوە”.

ئەنجومەنی هەرێمی نەوت و گازی لە هەریەك لە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كودستان ‌و جێگرەكەی‌، هەریەك لە وەزیرانی دارایی ‌و پلانادانان ‌و سامانە سروشتییەكان ‌و سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران پێكهاتووە.

بابەتی پێشتر

شارەزایان هۆشداری لە 'گەندەڵی' و 'دزەپێكردن'ی پارەی عێراق دەدەن

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) شاختار بۆ جاری دووه‌م ڕیاڵ مه‌دریدی کوتا به‌زه‌ویدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share