ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: سوورین لەسەر ڕەتكردنەوەی سیستمی كامێرای چاودێریی تیژڕەویی

یەكێك لە كامێرا جێگیرەكانی تۆماركردنی تیژڕەوی

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، سوورن لەسەر بڕیاری تایبەت بە ڕەتكردنەوەی جێبەجێكردنی كامێرای چاودێریی تیژڕەویی پۆینت تو پۆینت.

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، وەكو ئەنجومەنی پارێزگا سوورین لەسەر گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی و ئیداری بۆ بڕیارەكانی ئەنجومەن سەبارەت بە ڕەتكردنەوەی جێبەجێكردنی كامێرای چاودێریی تیژڕەویی پۆینت تو پۆینت.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا، كە ئاراستەی ڕای گشتی و میدیاكان كراوە، سەبارەت بە لێدوانی چەند ڕۆژێك لەمەوبەری فەرمانبەرێكی ئەنجومەن لەسەر ئەو پرسە دەڵێت، هیچ كاریگەرییەكی لەسەر بڕیارەكەی ئەنجومەن نییە سەبارەت بەو پڕۆژەیە.

لە 23ی ئابی ڕابردوو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە كۆبوونەوەیەكی خۆیدا دانانی سیستمی کامێراکانی چاودێریی هاتوچۆ “پۆینت تو پۆینت”ی بە زۆرینەی دەنگ ڕەتکردەوە.

دوای كۆبوونەوەكەش ئازاد حەمەئەمین سەرۆکی ئەنجومەنەكە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکان پێویستە پابەندبن بە بڕیارەکانی ئەنجومەنی پارێزگاوە.

وتیشی، داواکاری گشتی بەر لە چەند مانگێک نوسراوی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە و پێیڕاگەیاندوون، کە بڕیاری دانانی ئەو سیستمی چاودێرییە نایاساییە، بەڵام وەڵامی داواکاری گشتی نەدراوەتەوە.

ئازاد حەمەئەمین ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، گرێبەستی دانانی ئەو سیستمە چاودێرییەی هاتوچۆ نایاساییە، بۆیە هەر کەس و لایەنێک کردبێتی دەبێت بەرپرسیارێتییەکەشی لەئەستۆبگرێت.

بابەتی پێشتر

ئەندامێکی حەشدی شەعبی تۆمەتبارێک لەناو دادگادا دەکوژێت

بابەتی دواتر

کەشناسی: لە سبەینێوە پلەکانی گەرما نزمدەبنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share