سیستانی ڕووبەڕووبوونەوەكانی هەفتەی پێشووی ڕاگرت

نوسینگەی سیستانی نەبوایە، موقتەدا سەدر داوای وەستاندنی شەڕی نەدەكرد

هەڵوێستەكانی عەلی سیستانی لە پشت پەردەوە هەڵایسانی جەنگی میللی و شەڕی هێزە شیعییەكانی لە عێراق ڕاگرت، وەك ئەوەی ئاژانسی ڕۆیتەزر لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژەی پێداوە.

بەپێی ڕاپۆرتەكە عەلی سیستانی هیچ ڕاگەیەندراوێكی فەرمی دەربارەی ئەو پێكدادانە نەبووە كە هەفتەی ڕابردوو لە شەقامەكانی عێراق دەستیانپێكرد، بەڵام بەرپرسانی حكومی و سەرچاوە شیعییە ئاگادارەكان دەڵێن، سیستانی تەنها بە هەڵوێستێكی لە پشتی پەردەوە ئاگری كارەساتێكی گەورەی كوژاندەوە.

دەشڵێت، “ڕووداوەكانی خوێناویترین هەفتە لە عێراقدا لەماوەی نزیكەی سێ ساڵی ڕابردوو، نیشانیدەدات سنووری سیاسەتی باو لە وڵاتدا لە دەستپێكردنی شەڕەوە هەتا وەستاندنی لەدەست پیاوانی ئایینیدایە، زۆرێكیان پەیوەندییەكی ناڕۆشنیان بەئێرانەوە هەیە”.

دوای ئەوەی كازم حائیری یەكێك لە مەرجەعەكانی شیعە و سەرەكیترین مەرجەعی سەدرییەكان وازهێنانی ڕاگەیاند و داواشی لە شوێنكەوتووان كرد پابەندی ڕێنوێنییەكانی عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای ئێران بن، لایەنگرانی سەدر ڕژانە شەقامەكان و ئیدانەی تاران و دەستێوەردانەكانیان كرد.

دواتر شوێنكەوتووانی سەدر هەوڵیاندا هەڵبكوتنەسەر بینا حكومییەكان، لەگەڵ شەوداهاتنیشدا ئۆتۆمبێلە پڕ لە چەكدارەكانیان بە چەك و بۆمبهاوێژەوە بە شەقامەكانی بەغداددا بڵاوەپێكران.

شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە دەستیپێكرد، بەهۆیەوە لانیكەم 30 كەس كوژران، بەڵام لەپڕێكدا و لەماوەی 24 كاتژمێردا دۆخە دژوارەكە بۆ هێمنییەكی تەواو گۆڕدرا، دوای ئەوەی موقتەدا سەدر لە تەلەفزیۆنەوە دەركەوت و داوای هێوربوونەوەی كرد، لە ئاكامیدا لایەنگر و شوێنكەوتووە چەكدارەكانی شەقامەكانیان جێهێشت، سوپا-ش قەدەغەی هاتوچۆی هەڵگرت كە لە ئێوارەی ڕۆژی پێشووەوە ڕایگەیاندبوو.

ژمارەیەك لە خۆپیشاندەران لە نزیك ناوچەی سەوزی بەغداد

ڕۆیتەرز دەڵێت، بۆ تێگەیشتن لەوەی چۆن ڕووبەڕووبوونەوەكان سەریانهەڵدا چۆنیش خامۆشكران، لەگەڵ نزیكەی 20 بەرپرس لە حكومەتی عێراق، ڕەوتی سەدر و گروپە شیعییە ركابەرەكان دواوە و سەرجەمیان بێ ناوهێنان دواون.

سەرجەم چاوپێكەوتنەكان، بەپێی ڕۆیتەرز، ئاماژەیان بە “دەستێوەردانێكی یەكلاكەرەوەی پشتی پەردە لەلایەن سیستانی-یەوە كرد، كە هیچ پۆستێكی سیاسیی فەرمی لە عێراقدا نییە، بەڵام بە دەسەڵاتدارترین پیاوی ئاینی لە نەجەف دادەنرێت”.

بەپێی وتەی بەرپرسان “نوسینگەی سیستانی هەوڵیداوە بۆ سەدر-ی ڕوونبكاتەوە كە ئەگەر توندوتیژیی شوێنكەوتووانی نەوەستێنێت، سیستانی ئیدانەی ئەو دۆخە دەكات”.

بەرپرسێكی حكومەتی عێراق ڕایگەیاندووە، “سیستانی پەیامێكی بۆ سەدر ناردووە بەوەی ئەگەر توندوتیژی نەوەستێنێت، سیستانی ناچاردەبێت ڕاگەیەندراوێك بڵاوبكاتەوە و تیایدا داوای وەستاندنی شەڕ بكات، ئەمەش وادەكات سەدر بە لاوازی دەربكەوێت، هەروەها وا دەربكەوێت كە هۆكاربووە بۆ خوێنڕشتن لە عێراق”.

بەپێی وتەی بەرپرسێكی نزیك لە ئێران لە ناوچەكەدا “ئەگەر نوسینگەی سیستانی” نەبوایە، موقتەدا سەدر كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەی “كە تیایدا شەڕكردنی ڕاگرت” ئەنجامنەدەدا.

ڕاپۆرتی ئاژانسەكە دەڵێت، ئەگەرچی دەستێوەردانەكەی سیستانی بووەهۆی ڕاوەستاندنی خوێنڕشتن لەسەر ئاستێكی بەرفراوان لەكاتی ئێستادا، بەڵام چارەسەری كێشەی پارێزگاری لە ئارامی ناكات لە وڵاتێكدا كە بەشێكی زۆری دەسەڵات لە دەرەوەی سیستمی سیاسیدایە، لەنێو دەستی پیاوانی ئاینیی شیعە، لەنێویشیاندا ئەوانەی پەیوەندییەكی بەهێزیان بە ئێرانەوە هەیە.

دەشڵێت، “شوێنگرەوەیەكی دیاری سیستانی نییە، كە لە ساتە هەستیارەكاندا دەستێوەردانی كردووە لە مێژووی عێراقی دوای داگیركاری ئەمریكا كە بووە هۆی وەلانانی سەدام حسین. زۆركەس شتێكی ئەوتۆ لەبارەی دۆخی تەندروستییەوە نازانن سەرەڕای چوونە تەمەنیەوە”.

دەستلەكاركێشانەوەی مەرجەعێك ئاگری شەڕەكەی هەڵایساند، هەڵوێستی مەرجەعێكی دیكە خامۆشی كرد، لەدوای دووركەوتنەوەی ئەویان و مردنی ئەوی دیكەیان چ چارەنووسێك چاوەڕوانی ئایندەی عێراق دەكات؟

بابەتی پێشتر

لەفەی فەلافل نزیكەی 100 كەس ڕەوانەی نەخۆشخانە دەكات

بابەتی دواتر

ئەڵمانیا.. 12 ویلایەت وەرگرتنی كۆچبەران هەڵدەپەسێرن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share