بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی پێشوازیکرد لە جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق.
لە دیدارێکدا پێشھات و پەرەسەندنە سیاسییەکان، دۆخی چەقبەستووی سیاسیی عیراق و یەکخستنی ھەوڵەکان بۆ دیالۆگ و گفتوگۆی نیشتمانی تاوتوێکران و بۆچوونیان لەبارەوە خرایەڕوو.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دیدارەکەدا جەختی لە چارەسەرکردنی دەستوورییانە و سیاسییانەی کێشەکان کردەوە و ڕایگەیاند، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشتگیر و ھەماھەنگە بۆ سەرخستنی گفتوگۆی نیشتمانیی بنیادنەرانە بە بەشداریی ھەموو لایەنە سیاسییەکان کە ببێتەھۆی دەربازبوونی وڵات لەو دۆخە نەخوازراوەی تێیکەوتووە.
لە بارەی دۆخی ھەرێم، پرسی ھەڵبژاردن و ئەگەرەکان بافڵ جەلال تاڵەبانی ھەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی خستەڕوو و وتی، یەکێتی بە ھیچ شێوەیەک لەگەڵ دواخستنی ھەڵبژاردن نەبووە، بەڵکو دەمانەوێت یاسایەکی سەردەمییانەمان ھەبێت کە لەگەڵ دۆخی ھەرێم بگونجێت و کۆدەنگیی نیشتمانیی لەسەربێت چونکە پرسێکی وەھا گرنگ و چارەنووسساز پێویستی بە سازان و ڕێککەوتنی ھەموو لایەنەکانە.