یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلام: ئەو ماڵپەڕانەی ئینتەرنێت کە بلۆککراون پێشتر حەرامکراون

سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان سەبارەت بە پاکێجی خێزان کە لەلایەن وەزارەتی گواستنەوەوە ئامادەکراوە و تێیدا بەشێک لە ماڵپەڕەکان بلۆککراون ڕایگەیاند، ئەو ماڵەپەڕانە پێشتر حەرامکراون.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا مەلا عەبدوڵا وەیسی ڕایگەیاند، ئەو پاکێجەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بەناوی پاکێجی خێزانی ئامادەیکردووە و بەشێک لە ماڵپەڕەکان لە ئینتەرنێت بلۆک دەکات، لەلایەن ئەوانەوە پاڵپشتی لێدەکرێت و وتی، “کاری ئێمە پاراستنی ئەخلاقی کۆمەڵگایە ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئەو مەبەستە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر لە ساڵی 2019 یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان داوای قەدەغەکردنی ئەو ماڵپەڕانەیان کردووە، کە زۆر لایەن دەگرێتەوە، لەناویاندا مامەڵە ئەلیکترۆنییەکان کە ژیان و ماڵ و سامانی خەڵک دەخاتە مەترسییەوە و حەرامکراوە.

لەوبارەیەوە ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکومەت دەبێت قەڵغانێک بێت بۆ پاراستنی ئەخلاقی کوردستانیان، ئێمە هەوڵدەدەین ئەو دیوارە ئەلیکترۆنییە بەهێزتر بکەین تاوەکو منداڵ و گەنجەکانمان بپارێزین.

جەختیکردەوە، پاکێجی خێزانی، پەیوەندیی نییە بە ئازادیی تاکەوە خەڵکی کوردستان ئازادن لەوەی بەکاریدەهێنن.

بەپێی وتەی وەزیری گواستنەوە، پاکێجەکە چەند لایەنێک دەگرێتەوە، لەوانە مامەڵە ئەلیکترۆنییەکان، سوکایەتیکردن بە ئاین و کەسایەتییەکانی هەرێمی کوردستان، بابەتەکانی پەیوەست بە چەک و فرۆستنی چەک و توندوتیژی و ماڵپەڕە پۆرنۆگرافییەکان (سێکسییەکان).

وتیشی، “چەندین داواکاریمان پێگەیشتووە بۆ ئەوەی لەو پاکێجە خێزانییەدا یاریی پەبجی قەدەغەبکەین”.

بابەتی پێشتر

وەزیرەكەی سەدر: زۆرینە لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەماندان

بابەتی دواتر

تەندروستیی سلێمانی: سەنتەری فریاکەوتنی خێرا کارەکانی ڕاگرت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share