وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە: دوو تونێلی نوێ بۆ دەربەندیخان دروستدەكرێن

تونێلی دەربەندیخان

وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، تونێلی ئێستای دەربەندیخان نۆژەندەكرێتەوە و دەشڵێت، دوو تونێلی نوێش دروستدەكرێن.

دوابەدوای خۆپیشاندانەكەی دوێنێی بەشێك لە چالاكوان و هاوڵاتییانی دەربەندیخان لەبەردەم تونێلی شارەكە، درەنگانی شەوی ڕابردوو وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی هەرێم ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە.

لە ڕوونكردنەوەكەدا هاتووە، لە ھەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ تەواوکردنی ڕێگای دووسایدی دەربەندیخان-کەلار و ڕایدەگەیەنین، ھەفتەی داھاتوو بە بەشداری نوێنەری ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی پلاندانان گفتوگۆکردن لەگەڵ کۆمپانیایەکی پسپۆڕ دەستپێدەکات بۆ دروستکردنی دوو تونێلی نوێ بۆ دەربەندیخان.

دەشڵێت، جگەلەوەش، لەچوارچێوەی ھەنگاوە خێراکان بۆ کارئاسانی ھاتوچۆی ھاوڵاتییانی سنوورەکە، بڕیاردراوە بە قیرتاوکردنی ڕێگای ناوتاق و کارکردنیش بەردەوامە بۆ تەواوکردنی ڕێگای دووسایدی وارماوا دەربەندیخان.

لە تەمەنی ئەم کابینەیەدا ڕێژەی ئەنجامدراوی پڕۆژەی دووسایدی دەربەندیخان-کەلار گەیشتووەتە زیاتر لە 55٪‏، لەکاتێکدا پێشتر ڕێژەی ئەنجامدراو 15٪‏ کەمتر بووە، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە لە ڕوونكردنەوەكەدا ئاماژەی پێداوە.

دەشڵێت، لەسەر داوای وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دوای ئاراستەکردنی نوسراو و دەرخستە، وەزارەتی دارایی بە نوسراوی ژمارە (8343) ڕەزامەندی بۆ تەرخانکردنی بڕی 187 ملیۆن و 828 هەزار دینار دەربڕی بۆ پڕۆژەی چاککردن و نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان، بەمەبەستی چاککردنەوەی تونێلەکە و کارئاسانیکردن بۆ هاتوچۆی هاوڵاتییان.

بابەتی پێشتر

کچی بەرپرسێکی نزیکی پوتین کوژرا

بابەتی دواتر

کەشناسی: پلەکانی گەرما نزمدەبنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share