زانکۆی سەڵاحەدین لەبارەی یەکپۆشییەوە بڕیاریدا

سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین ڕایگەیاند، بەپێی ئەنجامی ئەو ڕاپرسییەی لەناو خوێندکارانی زانکۆکەدا ئەنجامیانداوە، زۆرینەی خوێندکاران لەگەڵ جێبەجێکردنی سیستمی یەکپۆشیدان و ئەمساڵ یەکپۆشی لە زانکۆکەیان جیبەجێدەکرێت.

دکتۆر کامەران یونس سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بیرکردنەوە لە جێبەجیکردنی سیستمی یەکپۆشی لە زانکۆی سەڵاحەدین، بەمەبەستی کەمکردنەوەی جیاوازیی چینایەتی و کەمکردنەوەی ئەرک و بارگرانیی سەرشانی خێزانی خوێندکاران بوو.

وتیشی، “بۆ ئەو مەبەستە ڕاپرسییەکی ئۆنلاینمان ئەنجامدا، لە ڕاپرسییەکەدا 11 هەزار و 450 خوێندکاری زانکۆی سەڵاحەدین بەشدارییان کردووە، لەو ژمارەیە 70.6%ی خوێندکاران بە بەڵێ وەڵامی پرسیاری ڕاپرسییەکەیان داوەتەوە و لەگەڵ جیبەجێکردنی یەکپۆشیدابوون، هەروەها 29.4%ی خوێندکاران بە نەخێر وەڵامیانداوەتەوە”.

سەبارەت بەو ڕەنگانەی لە ڕاپرسییەکەدا دانراوە و خوێندکاران دەیانتوانی دەستنیشانیبکەن، کە ڕەنگەکانی ڕەش و سپ، ڕەساسی و سپی بوون، دەڵێت، 74.6% لەگەڵ ڕەنگی ڕەش و سپیدان.

سەبارەت بە پرسیاری ئایا پێتوایە یەکپۆشی کاریگەریی دەبێت لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیی خوێندکاران؟ ئەنجامی ڕاپرسییەکە دەریخستووە، 64.6% بە بەڵێ وەڵامیانداوەتەوە و 35.4% بە نەخێر وەڵامیانداوەتەوە.

سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین ئاماژەی بەوەکرد، ئەنجومەنی زانکۆی سەڵاحەدین کۆدەبنەوە و ئەنجامی ڕاپرسییەکە دەکەنە بڕیار، واتە بۆ ساڵی خوێندنی 2022 – 2023 سیستمی یەکپۆشیی جێبەجێدەکەن.

بەپێی پلانی زانکۆی سەڵاحەدین، لەدوای دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن کە 4ی ئەیلولە مۆڵەت دەدرێت بە خوێندکاران تاوەکو 1ی تشرینی یەکەم، لەدوای ئەو ڕێکەوتەوە دەبێت سەرجەم خوێندکاران پابەندی بڕیاری یەکپۆشیبن.

وتیشی، دوای ئەو ڕێکەوتە هەر خوێندکارێک پابەند نەبێت جاری یەکەم سزای تەمێکردن دەدرێت، دووەمجار ئاگاداردەکرێتەوە و بۆ سێیەمجار لە سەرپێچی بۆ ماوەی هەفتەیەک فەسڵدەکرێت.

دڵنیاییشیدا کە جێبەجێکردنی یەکپۆشی بۆ قەدە‌غەکردنی باڵاپۆشیی و نیقاب نییە بەڵکو تەنها مەبەست لێی یەکڕەنگییە.

بابەتی پێشتر

كۆبوونەوەی لایەنەكان و نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە سەرۆكایەتیی هەرێم دەستیپێكرد

بابەتی دواتر

لە سلێمانی نۆ كەس بەهۆی مۆزەوە ژەهراوی بوون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share