كێڵگە پەلەوەرییەكان كارگەكانی عەلەف بە هۆكاری زیان لە كەرتەكەیان ناودەبات

سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان دەڵێت، سەرەڕای هەرزانبوونی هەموو ئەو پێداویستییانەی لە دروستکردنی عەلەفدا بەکاردێت، بەڵام خاوەن کارگەکانی عەلەف نرخ هەرزان ناکەن، ئەمەش بە زیان بۆسەر كەرتی پەلەوەر و مەترسی لەسەر داخستنی كێڵگەكان ناودەبات.

‎نازم عەبدوڵا سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لە هەرێمی کوردستاندا کارگەکانی بەرهەمهێنانی عەلەف بەردەوام نرخی عەلەف زیاد دەکەن، سەرەڕای ئەوەی ماددە پێویستەكانی بەرهەمهێنانی عەلەف هەرزان بووە.

ڕوونیشیكردەوە، “پێش 10 ڕۆژ تۆنێك سۆیا بە 770 دۆلار بوو ئێستا بووەتە 730 دۆلار، تۆنێك زەیت بە دوو هەزار و 200 دۆلار بوو ئێستا بە هەزار و 500 دۆلارە، تۆنێك گەنمەشامی لە 510 دۆلارەوە بووەتە 430 دۆلار و گەنم لە 840 هەزار دینارەوە بووەتە 720 هەزار دینار، بۆیە ئەبوایە هەر تۆنێك عەلەف 100 دۆلار هەرزانتر بووایە، بەڵام هەرزانی ناكەن”.

بەهۆی ئەوەی كارگەكانی بەرهەمهێنانی عەلەف “چاودێرییان لەسەر نییە و بەشێك لە خاوەنەكانیشیان دەستڕۆیشتوون”، ئامادەنین عەلەف هەرزان بكەن و هیچكاتیش تووشی زیان نابن، نازم وای وت.

ئەوەشی خستەڕوو، لەکاتێکدا 80%ی خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان تووشی زەرەر و زیان بوون و بەهۆیەوە خانوو، موڵك و ئۆتۆمبێلیان لەبەر قەرزاربوون فرۆشتووە، هەندێكیان لە بەردەم مەترسیی كێشەی كۆمەڵایەتیدان. بەهۆی ئەوەی وەك ئەو دەیڵێت، لەئێستادا هەر كیلۆیەك مریشك 800 دینار زیان دەكات.

سەرۆكی كۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان داوای لە وەزارەتی کشتوکاڵ كرد بەپەلە بێتەسەرخەت و کێشەی عەلەف چارەسەربکات، ئەگەرنا بەناچاری کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی مریشک بەرەو داخستن دەڕۆن.

دووپاتیشیكردەوە، “ئەگەر حکومەت دەیەوێت پشتیوانی لە بەرهەمی ناوخۆ بکات و دەیەوێت دەرفەتی کار زیاتربێت، با پشتیوانیمان بکات، چونکە بەرهەمی مریشک ئەوەندە زۆرە دەتوانین هەناردەی دەرەوەی عێراقیشی بکەین”.

گازندەی ئەوەش دەكات سەرەڕای بڕیاری قەدەغەكردنی هاوردەكردنی مریشكی بەستوو، ئێستا لە بازاڕەكاندا بە بڕێكی زۆر دەفرۆشرێت.

بابەتی پێشتر

بارسا و سیتی و پاریس ئاڵوگۆڕە مێژووییەکە دەکەن؟

بابەتی دواتر

یەكپۆشی مامۆستایانیش دەگرێتەوە؟<br>یەكێتیی مامۆستایان زانیارییەكە ئاشكرادەكات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بافڵ جەلال تاڵەبانی: كۆمەڵكوژییەكەی جێندرێس و شەهیدكردنی چوار هاوزمانمان لە عەفرین ئیدانە دەكەین

بافڵ جەلال تاڵەبانی ‌‎سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەیامێكیدا رایدەگەیەنێت، بە توندی كۆمەڵكوژییەكەی جێندرێس و شەهیدكردنی چوار هاوزمانمان…
Total
0
Share