سەدر بۆ چێوە: گەرەنتیی ڕاستەقینەمان پێنەدەن دانوستاندنتان لەگەڵدا ناكەین

ڕەوتی سەدر وەڵامی چێوەی هەماهەنگی دەداتەوە و دەڵێت، گەرەنتیی ڕاستەقینەمان پێنەدەن بەوەی پابەندی ڕێكارەكانی موقتەدا سەدر دەبن، “دانوستاندنتان لەگەڵدا ناكەین”.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە چێوەی هەماهەنگی، هادی عامریی ڕاسپارد دانوستاندن لەگەڵ ڕەوتی سەدردا بكات و دۆخەكە هێوربكەنەوە و بگەن بە چارەسەرێك بۆ قەیرانی سیاسی، ڕەوتی سەدر لە ڕێگەی سەرچاوەیەكییەوە ڕایگەیاند، “سەرپشككردنی عامری لەلایەن چێوەی هەماهەنگییەوە بۆ دانوستاندن لەگەڵ سەدر، بەسنییە بۆ ئەوەی سەدر قایلببێت بە دانوستاندن تا ئەو كاتەی گەرەنتییەكی ڕاستەقینەی پێنەدرێت”.

بەپێی سەرچاوەكە كە لێدوانی بۆ میدیای عێراقی داوە، “پێشتر عامری دانوستاندنی لەگەڵ سەدردا كردووە و هەموو دانوستاندنەكان شكستیانهێناوە، بۆیە دەبێت گەرەنتیی ئەوە بكەن كە چێوەی هەماهەنگی پابەند دەبێت بەو بڕگە و ڕێكارانەی كە سەدر ئاماژەی بۆ كردوون و لە ڕۆژانی داهاتوودا ئاشكرایاندەكات”.

ئەمڕۆ چوارشەممە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ هادی عامری سەركردە لە چێوەی هەماهەنگی-دا كۆبووەوە و لە ڕاگەیەندراوێكدا كە دوای كۆبوونەوەكە بڵاویكردەوە، جەختیكردەوە لە پێویستیی پەنابردنەبەر گفتوگۆ و دانوستاندن بۆ چارەسەركردنی ئەو قەیران و بارگرژییە سیاسییەی عێراق پێیاندا گوزەردەكات.

دواتر چێوەی هەماهەنگی، عامریی ڕاسپارد دانوستاندن لەگەڵ سەدردا بكات و لە پەیامێكدا هادی عامری باسی لەو دەستپێشخەرییەی مستەفا كازمی كرد و وتی، “پشتیوانیی ڕاگەیەندراوەكەی سەرۆك وەزیران دەكەین كە داوای گفتوگۆی نیشتمانییانەی گشتگیر دەكات”.

بابەتی پێشتر

لە هەرێمی كوردستان بە مووشەك هێرشكرایە سەر سەربازگەیەكی توركیا

بابەتی دواتر

نهێنیی پەیوەندییە ئەستەمەكە.. سەدام لە 2022دا پەیوەندی بە ترەمپ-ەوە دەكات؟!

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share