ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، سكاڵای یاسایی لەسەر حكومەت لەبارەی ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانەوە تۆماركرد.
عومەر گوڵپی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لە ساڵی 2016ەوە پلەبەرزكردنەوە ڕاگیراوە و هەندێك لە فەرمانبەران و مامۆستایان كە لەو ساڵەدا شایستەی پلەبەرزكردنەوە بوون دوو پلە و زۆرینەی زۆریشیان بەلایەنی كەمەوە یەك پلەیان لای حكومەتەو چاوەڕوانی ئەو مافەیان دەكەن.
ڕاشیگەیاند، ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوە مانگانە زیانی گەورە بە نزیكەی 700 هەزار فەرمانبەر و مامۆستا دەگەیەنێت و بڕی ئەو پارەیەی كە زیانە بۆ هەر فەرمانبەر و مامۆستایەك لە نێوان 60 تا 300 هەزار دیناری مانگانەیە، لە هێندێك حاڵەتیش نزیكەی 400 هەزار دینارە.
ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرایكرد، بە نووسراوی ژمارە 188 لە 3ی ئابی 2022 سكاڵای یاسایی جوڵاندووە بەمەبەستی دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران و گەڕاندنەوەی ئەو مافە یاساییە و قەرەبووكردنەوەی ئەو زیانەی بەهۆی ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوەوە لێیان كەوتووە.