ئاسایشی سلێمانی شكست بە پیلانی دوو گروپی تیرۆریستی دەهێنن

هێزەكانی ئۆپەراسیۆنی دەزگای ئاسایشی هەرێم، شكست بە پیلانی دوو گروپی تیرۆریستی دەهێنن كە بەنیازبوون كردەوەی تیرۆریستی لە هەولێر ئەنجامبدەن و پیلانی تیرۆركردنی چەند كەسایەتیيەكیشیان داڕشتبوو.

ئاماژە بەوەشكراوە، بەپێی دانپێدانانی دەستگیركراوەكان پیلانیان دانابوو لە هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان كردەوەی تیرۆریستی ئەنجامبدەن.

لە زانیارییەكاندا هاتووە، بەپشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەكان ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی بەڵگەی دروست و پشتڕاستكراوەی دەستكەوت لەسەر هەردوو گروپە تیرۆریستییەكە لە هەرێمی كوردستان كە لەڕێگای تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانەوە كەوتوونەتە ژێركاریگەریی فكری تیرۆریستی داعش و بە دوو ئاراستەی جیاواز پیلانیان دانابوو مەرامەكانیان جێبەجێبكەن.

ئاماژە بەوەشكراوە، دوای لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد و سەرەداو ئاشكرابوون، شوێن و جێگاو جووڵەی تۆمەتباران دەستنیشانكران و خرانە ژێرچاودێریی وردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، دوای ڕەزامەندیی دادوەری لێكۆڵینەوە و بە بڕیاری سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی/ هێزەكانی ئۆپەراسیۆنی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە چەند ئۆپەراسیۆن و هەڵمەتێكی سەركەوتوودا ژمارەیەك تیرۆریستی داعشیان دەستگیركرد كە پیلانیان هەبووە دوای جێبەجێكردنی مەرامەكانیان هەڵبێن و پەیوەندیی بە چەكدارانی تیرۆریستی داعشەوە بكەن.

هەر پەیوەست بە هەوڵەكان بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و ئارامی خەڵك لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا چەندین تیرۆریستی هەرە تاوانبار دەستگیركراون و ڕووبەڕووی یاساكراونەتەوە و لەبەر سەلامەتی لێكۆڵینەوەكان و پاراستنی ئاسایشی ئابوری و كۆمەڵایەتی زانیارییەكان بەنهێنی هێڵدرانەوە.

ئێمە لەبەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی وەك هەمیشە سوپاسی بێپایانمان بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەردەبڕین كە هاوكار و پشتیوانی سەرخستنی كارەكانمانن و لە خەمی ئارامی هەرێمداین كە ئەمە سوورترمان دەكات پەرۆشتربین بۆ زیاتر ڕاپەڕاندنی ئەركەكانی ئاسایشی سلێمانی.

ئاماژە بەوەشكراوە، ئەوەی جێگای هەڵوەستەی جددی و تێڕامانە لەئێستادا تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان و پلاتفۆڕمەكانی سۆشیاڵمیدیا یەكێكن لە هۆكارە سەرەكییەكانی لەخشتەبردنی گەنجانی هەرێمی كوردستان و وەك سەكۆیەك بەكاردەهێنرێن بۆ بانگەشەكردنی فكری توندڕەویی داعش و جێبەجێكردنی مەرامەكانیان كە ئێمە لە پەرۆشیمانەوە بۆ ڕێگریكردن لەم دیاردەیە و پارێزگاریكردن لە ژیانی گەنجان و پاراستنی داھاتوویان كە براو كوڕ و كەسوكاری ئێمەن و سەرمایەیەكی گرنگی هەرێمەكەشمانن.

داواش لە مامۆستایانی ئایینی، پەروەردەكاران، توێژەرانی كۆمەڵایەتی، دەروونی ،ڕاگەیاندنكار و ڕۆژنامەنووسان و خاوەن قەڵەم و نووسەرانی بەڕێزدەكەین لەسەر ئەم پرسە كە پەیوەندی بە تاك بەتاكی كۆمەڵگەكەمانەوە هەیە ئامادەییان هەبێت لە هۆشیاركردنەوە و هاوكاربن بۆ بنبڕكردنی فكری توندڕەویی كە لەپاڵ ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا دەیانەوێت مەرامەكانیان جێبەجێبكەن، چونكە ئاینی ئیسلام بێبەرییە لە تیرۆر و ترس و تۆقاندن و ئایینێكە بۆ پێكەوەژیان و برایەتی و چاكەكاری.

بابەتی پێشتر

کاسیمێرۆ دەرگای بۆ نێیمار کردەوە

بابەتی دواتر

مەسرور بارزانی لەگەڵ كازمی، حەلبووسی و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری كۆبووەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share