لە خۆپیشاندانەکانی پارێزگای زیقار چوار کەس کوژران و فەرماندەی پۆلیس دورخرایەوە

دوای ئەوەی دوێنێ 27 ی تشرینی دووەم خۆپیشاندان لە شاری ناسرییەی ناوەندی پارێزگای زیقار دەستیپێکرد، ڕوبەروبوونەوە لە نێوان خۆپیشاندەران و لایەنگرانی موقتەدا سەدر ڕویدا چوار کەس کوژران.

دوای ئەم ڕوداوە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دورخستنەوەی فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای زیقاری دەرکرد.

بە وتەی یەحیا ڕەسوڵ، وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر ڕوداوەکانی دوێنێ هەینی دروستکراوە و لەگەڵ ئەوەش قەدەغەی هاتوچۆ لە ناسرییە ڕاگەیەنراوە.

وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک هەڵوەشاوەتەوە تا لەو ڕێگەوە درز نەکەوێتە ئاشتی کۆمەڵایەتی لە ناوچەکە.

دوێنێ هەینی خۆپیشاندەران بە دروشمی دژە حکومەتەوە و داواکردنی چاکسازی ڕژانە سەر شەقامەکان و لە چەند شارێکی عێراق خۆپیشاندان ئەنجامدرا.

ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی روبەڕوبوونەوەی نێوان لایەنگرانی سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر و خۆپیشاندەران لە شاری ناسرییە ناوەندی پارێزگای زیقار بوونە قوربانی بۆ چوار کوژراو و 60 بریندار بەرزبووەوە.

لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2019 ـەوە خۆپیشاندان لە بەغدای پایتەخت و پارێزگاکانی دیکەی عێراق بەڕێوەدەچێت و ماوەی زیاتر لە ساڵێکە خۆپیشاندەران ناو بەناو دێنە سەرجادە و هەرجارێکیس خۆپیشاندان کرابێت بەبێ بریندار و کوژران کۆتایی نەهاتووە، هەر بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە حکوومەتی پێشوو بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرا.

بابەتی پێشتر

فرۆشتنی پێشوەختی نەوت عێراق دەگەیەنێت بەچی؟

بابەتی دواتر

موحسین فەخریزادە، ئەو پیاوەی نەتانیاهۆ وتی'ناویتان لە یاد نەچێت'

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share