ڕوسیا و ئێران توركیایان بێئومێد كرد.. بە هێرشكردنە سەر ڕۆژئاوای كوردستان ‏ڕازینەبوون

دوێنێ سێشەممە تاران خانەخوێی لوتکەی سێ قۆڵیی ئێران، تورکیا و ڕوسیا بوو، لوتکەی تاران بە پلەی یەک تیشکی لەسەر نیەتی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و قەیرانەکانی ئەو ناوچەیە بوو، سەبارەت بە هێرشی داهاتووی سەر ڕۆژئاوای کوردستان کە ماوەی دوو مانگە ئەنقەرە جەختی لێدەکاتەوە، تاران و مۆسکۆ گڵۆپی سەوزیان بۆ ئەنجامدانی هەڵنەکرد.

بەڕێوەچوونی لوتکەی تاران دوای چەند ڕۆژێکی کەم دێت لە سەردانی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بۆ ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، کە بە ئیسرائیل دەستیپێکرد و دواتر لە سعودیە بەشداریی لوتکەی جەدەی کرد، کە تێیدا هەریەکە لە وڵاتانی عێراق، میسر و ئەردەن بەشداربوون.

لوتکەی تاران یەکەم دیداری سەرۆکی ئەو سێ وڵاتەیە لە دوای ساڵی 2019 و بەڕێوەچوونی “کۆنگرەکانی ئەستانە بۆ ئاشتی”، بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و تورکیا کە لە دوای ساڵی 2011وە سەریهەڵدابوو.

لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەرسێ سەرۆک لەدوای بەڕێوەچوونی لوتکەکە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەڕوونی داوای لە ئێران و تورکیا کرد هاوکارییان بکەن بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان.

لەگەڵئەوەی ئەردۆغان هێرشی کردە سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات و بە مەترسیی بۆ سەر ئاسایشی گشتیی تورکیا ناویبرد، جارێکی دیکە لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لە داواکارییەکەی کردەوە بۆ پاڵپشتیکردنی تاران و مۆسکۆ سەبارەت بە هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان.

لە بەرامبەردا ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕەتیکردەوە هەر هێرشێکی لەو جۆرە بە پاڵپشتی ئەوان ئەنجامبدرێت بەڕوونی وتی، ئەو هێرشە ئارامیی ناوچەکە تێکدەدات، پێشتریش عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاستەوخۆ دژایەتیی تارانی بۆ هێرشی لەوشێوەیە بە ئەردۆغان ڕاگەیاندبوو.

ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیاش لەوبارەیەوە لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕایگەیاند، ئەوان لەگەڵ چارسەرکردنی کێشەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و ئیدلبن، ئەویش بە گەڕانەوە بۆ حکومەتی سوریا، وەک نیشاندانی دژایەتی بۆ ئەنجامدانی هێرشی لەوشێوەیە.

پوتین هاوکات جەختیکردەوە، کە هیچ بیانوویەک نییە بۆ بوونی ئەمریکا لەو ناوچانە “مەبەست ڕۆژئاوای کوردستانە”.

رەجەب تەیب ئەردۆغان جارێکی دیکە جەختی لە پێویستیی پاڵپشتیی ئەو دوو وڵاتە کردەوە و وتی، “گوێمان لە هاوڕێکانمانبوو لە پاڵپشتیکردنی دژایەتیکردنی تیرۆر، بەڵام تەنها قسە بەس نییە”.

سەرۆکی ڕوسیا وتی، “سەبارەت بە سوریا و قەیرانەکانی ئەو ناوچەیە کۆبوونەوەیەکی باشمان کرد.. داوا لە هاوتاکانم دەکەم لە ماوەیەکی نزیکدا بێنە ڕوسیا”.

لە دوو هەفتەی ڕابردوودا هەریەکە لە مۆسکۆ و تاران هۆشدارییاندا لە هەر دەستێوەردانێکی تورکیا بۆ ناو خاکی سوریا.

لە ڕاگەیەندراوی هاوبەشی هەرسێ وڵاتدا ڕایانگەیاندووە، “دژایەتیی هەر هەوڵێک دەکەن کە دۆخی نوێ و ئاڵۆز لە ناوچەکەدا دروستبکات لەژێر ناوی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر”.

بابەتی پێشتر

كۆمەڵ وەڵامی پارتی دەداتەوە

بابەتی دواتر

هەڵوێستی چێوەی هەماهەنگی لەبارەی تۆمارە دەنگییە دزەپێكراوەكان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share