لە دۆسیەی سپیكردنەوەی پارەدا لێكۆڵینەوە لە ڕاشد غەنوشی دەكرێت

ڕاشد غنوشی سەرۆكی حزبی نەهزە

بۆ لێكۆڵینەوە لە دۆسیەیەكی پەیوەندیدار بە سپیكردنەوەی پارە سەرۆكی حزبی نەهزەی تونسی لەبەردەم دادگای وڵاتەكەی ئامادەبوو، چەند ڕۆژێك بەر لەو ڕاپرسییە گشتییەی لە وڵاتەكەدا ئەنجامدەدرێت.

ڕاشد غەنوشی سەرۆكی حزبی نەهزە ئەمڕۆ لەنێو لایەنگر و هوتافەكانیاندا گەیشتە شوێنی لێكۆڵینەوە، بەر لەوەش هێزە ئەمنییەكان بە چڕی بڵاویانپێكرا.

نزیكەی 200 كەس لە لایەنگرانی غەنوشی و سەركردەكانی حزبەكە گردبوونەوەیەكیان لەكاتی دادگاییەكەدا ئەنجامدا.

دەسەڵاتدارانی تونس لەكاتێكی پێشتردا ڕایانگەیاند، دادگای ڕیشەكێشكردنی تیرۆر بڕیاریداوە بە سڕكردنی سەرچاوە دارایی و ژمێرە بانكییەكانی دەیان كەس، لەنێویشیاندا ڕاشد غەنوشی و حەمادی جبالی سەرۆكی پێشووی حكومەت هەن.

هاوكات وەزارەتی ناوخۆی تونس پێشتر ئاشكرایكرد، لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە حەمادی جبالی سەرۆكی پێشووی حكومەت و سەركردەی پێشووی حزبی نەهزە ڕاگیراوە بەهۆی گومانكردن لە تێوەگلانی لە دۆسیەی سپیكردنەوەی پارە و پەیوەندیدار بە حەواڵەكردنی پارە بۆ دەرەوە بۆ كۆمەڵەیەكی خێرخوازی لەژێر ناوی (نماء تونس).

غەنوشی-ی تەمەن 81 ساڵ بۆ لێكۆڵینەوە لەهەمان دۆسیەدا بانگێشتكرا، بەڵام حزبی نەهزە تۆمەتەكانی سەری ڕەتكردەوە. لە 27ی حوزەیرانی ڕابردوو دادگای تونس بڕیاریكی دەركرد و بەپێی ناوەرۆكەكەی ڕێگری لە گەشتكردنی غنوشی دەكرێت لە چێوەی لێكۆڵینەوەكانی تایبەت بە تیرۆری سیاسی كە لە ساڵی 2013دا ڕوویانداوە.

تونس بە قەیرانێکی سیاسی قووڵدا تێدەپەڕێت، کە بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس لەوكاتەوە دەستیپێكردووە كە قەیس سەعید-ی سەرۆك هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێكردن و یاسادانانی لە 25ی تەمموزی 2020ەوە قۆرغكردووە، دوای ئەوەی سەرۆک وەزیرانی لە کارەکەی دوورخستەوە و كارەكانی پەرلەمانی هەڵپەسارد، بەر لە هەڵوەشاندنەوەی.

هاوكات بڕیارە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو ڕاپرسییەكی گشتی ڕێکبخرێت لەسەر ڕەشنووسی دەستووری نوێ کە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە بە سەرۆكایەتی بزوتنەوەی نەهزە ڕەتکراوەتەوە.

سەعید بەهۆی ڕەشنووسی دەستووری نوێوە لەژێر ڕەخنەی توندی ئۆپۆزسیۆندایە، تیایدا سیستمی سیاسی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی گۆڕیوە، هەروەها دەسەڵاتەكانی سەرۆك كۆماری لەسەر حسابی پەرلەمان زیادكردووە.

ئۆپۆزسیۆن، بەتایبەت حزبی نەهزە و ڕێكخراوە مرۆییەكان سەرۆك كۆمار تۆمەتباردەكەن بە “هەوڵدان بۆ پەسەندكردنی دەستوور بەپێی پێوەرەكانی خۆی و پاكتاوی سیاسی دژ بە نەیارانی و بەكارهێنانی دامەزراوەكانی دەوڵەت و دادگا”، لەكاتێكدا سەعید دووپاتیدەكاتەوە دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆیە.

بابەتی پێشتر

سەندیكای ڕۆژنامەنووسان لە دادگای هەولێر نیگەرانە

بابەتی دواتر

بەرزترین پلەی گەرما چەندە کە مرۆڤ بەرگەیدەگرێت.. چۆن پارێزگاری لە خۆمان بکەین لە گەرمای زۆردا؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share