لە چوار ساڵدا سەدان هەزار كۆمپانیا و سەرمایەداری توركیا مایەپووچبوون

لێدوانی بەرپرسێکی باڵای گەورەترین حزبی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا (پارتی گەلی کۆماری) سەبارەت بە شکستهێنان و مایەپووچبوونی ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا و سەرمایەدارانی وڵاتەکەی بەهۆی قەیرانی داراییەوە بووەتە جێگەی مشتومڕ لە تورکیا، بەوهۆیەشەوە ئاستی بێکاری، هەژاری و هەڵاوسان تادێت بەرزدەبێتەوە.

عەلی ئاغبابا جێگری کەمال کلیچدار ئۆغلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماریی تورکیا ڕایگەیاند، دوای تێپەڕینی چوار ساڵ بەسەر هەڵوەشاندنەوەی سیستمی پەرلەمانی لە تورکیا، چالاکییەکانی کەرتی بازرگانی تادێت پاشەکشە دەکات.

بەپێی جێگری کلیچدار ئۆغلۆ، لە ساڵی 2018وە تا مانگی ئایاری ئەمساڵ،  نزیکەی 479 هەزار و 736 سەرمایەدار و بازرگان مایەپووچبوون، ئامارەکەی ئەو بەرپرسەی ئۆپۆزسیۆن پشت بە ڕووپێوییەک دەبەستێت کە حزبەکە ئەنجامیداوە، ئاغبابا دەڵێت، “ژمارەکان بەوەڕپێنەکراون، ئەو قەیرانە داراییەی هەیە دەگۆڕێت بۆ تەنگژەیەکی ئەوەندە گەورە کە چارەسەرکردنی مەحاڵ دەبێت”.

هەر لەوبارەیەوە جۆنێت ئەکمان شارەزای ئابوری دەڵێت، “لەدوای ساڵی 2018ـەوە وڵات ڕووبەڕووی کێشەی ئابوریی گەورە بووەتەوە، بە هەمانشێوە بەشێک لە کۆمپانیا و ناوەندە بازرگانییەکانیش تووشی کێشەی دارایی بوونەتەوە”.

بەرپرسەکەی پارتی گەلی کۆماریی تورکیا دەڵێت، سەدان هەزار شوێنی بازرگانی داخراون بەهۆی ئەوەی سیستمی وڵات کرا بە سەرۆکایەتی و سیستمی پەرلەمانی هەڵوەشێنرایەوە.

ئاماژەی بەوەکردووە، بەرلە گۆڕینی سیستمی حوکم، یەک دۆلاری ئەمریکی بەرامبەربوو بە 4.6 لیرەی تورکی، بەڵام ئێستا یەک دۆلار بەرامبەر 17.4 لیرەی تورکییە.

جێگری کلیچدار ئۆغلۆ ئامارەکانی خستووەتەڕوو و ئاشکرایکردووە، 58 هەزار شوێنی بازرگانی بەهۆی مایەپووچبوونیانەوە تەنها لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا شوێنەکانیان داخستووە، تەنها لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا 10 هەزار و 826 بازرگان و سەرمایەدار مایەپووچبوون ئەوەش بەڕێژەی 30% زیاترە لەو ژمارەیەی لە مانگی ئایاردا تۆمارکراوە کە مایەپووچبوونی هەشت هەزار و 322 بازرگان و سەرمایەدارن.

ئاغبابا باسی لەوەکردووە، تێکڕای مایەپووچبوون لە وڵاتدا لە ئاستێکی مەترسیداردایە، ئەمەش وادەکات ئابوریی وڵات تووشی ئیفلیجی ببێت.

بابەتی پێشتر

تەندروستیی جیهانی: ڤایرۆسی ماربۆرگ لە ماوەی سێ ڕۆژدا کەسی تووشبوو دەکوژێت

بابەتی دواتر

لاپۆرتا هەڕەشەی بردنەوەی سەرجەم ناسناوەكان دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share