ژنێك بەبیانوی ئەوەی منداڵی كوڕی نابێت لەلایەن هاوسەرەكەیەوە كوژرا

ژنێكی خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەبیانوی ئەوەی منداڵی كوڕی نابێت لەلایەن هاوسەرەكەیەوە كوژرا.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكردەوە، ژنەكە ناوی (گوڵجەمین نەجەفی) تەمەن 46 ساڵ، خەڵکی شارۆچکەی گاوارە سەر بە شاری داڵاهۆ لە پارێزگای کرماشان.

ئاشكراشیكرد، گوڵجەمین دایكی سێ کچە، بە بیانووی ئەوەی منداڵی کوڕی نەبووە بەردەوام لەلایەن هاوسەرەكەیەوە بێڕێزی پێکراوە و ئازاردراوە و دواجار ماوەیەک پێش کوژرانەکەی تۆراوە و چووەتەوە ماڵ باوک و دایکی.

ڕێكخراوەكە ڕوونیشیكردووەتەوە، ڕۆژێك هاوسەرەكەی (ع.ئ.ڕ.) چووەتە ماڵ خەزووری و ناوبراوی بردووەتەوە بۆ ماڵ و دواتر “شتێکی ڕەق و سەختی لە سەری داوە و کوشتوویەتی”.

هەنگاو لە زاری سەرچاوەكانەوە ڕوونیكردووەتەوە، هاوسەری قوربانییەكە بە مەبەستی بەلاڕێدابردنی بابەتەکە تەرمی هاوژینەکەی بردووەتە جادەیەکی چۆڵ و بە ئۆتۆمبێل بەسەر سەریدا ڕۆیشتووە و دواتر بانگەشەی ئەوەی کردووە کە لەکاتی ڕۆیشتن دەرگای ئۆتۆمبێلەکەی كراوەتەوە و گوڵجەمین کەوتووەتە خوارەوە و سەری کەوتووەتە بەر تایەی دواوەی ئۆتۆمبێلەکە و بەهۆیەوە مردووە.

بەڵام هاوسەرەكەی لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستبەسەر کراوە، وەك ئەوەی ڕێكخراوەكە ئاماژەی پێداوە.

بابەتی پێشتر

سەدرییەكان دژی مالكی خۆپیشاندانیان دەستپێكرد

بابەتی دواتر

قائیمقامیەتی سلێمانی: هەر خاوەن مۆلیدەیەک کێشە لەپێدانی کارەبا دروستبکات مۆڵەتی لێوەردەگیرێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share