لەسەر داوای كورد سەرۆك فراكسیۆنەكان كۆبوونەوەیەكی دیكە ئەنجامدەدەن

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر داواكاریی كورد بڕیاریدا پێنجشەممەی داهاتوو جارێكی دیكە كۆبوونەوەیەك لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنەكان ئەنجامبدرێت.

ئەمڕۆ سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبوونەوەیەكی بە بەشداریی سەرۆكی فراكسیۆنەكان ئەنجامدا و بەپێی فەرمانگەی میدیایی ئەنجومەن چەند بڕیارێك دراون.

ڕوونیشیكردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا پرسەكانی پەیوەندیدار بە كارەكانی ئەنجومەنی نوێنەران، گرێدانی دانیشتنەكان، تەواوكردنی شایستە دەستوورییەكان و پێدانی كاری پێشینە بە پڕۆژەیاساكان لەمیانەی وەرزی یاسادانانی ئێستا تاووتوێكران.

لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا كار لەسەر دەرچوواندنی ژمارەیەك پڕۆژەیاسا بكرێت كە ئێستا لەبەردەم ئەنجومەندایە و پەیوەندی بە هاوڵاتییان و پێداویستییەكانیانەوە هەیە.

هەروەها بڕیاردراوە بە تەواوكردنی شایستە دەستورییەكان بەپێی داخوازیی و ئالنگارییەكانی قۆناغەكە، لەسەر داواكاری شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و هێزە كوردییەكان لەپێناو پێدانی كاتی زیاتر بۆ لێكتێگەیشتن، كۆبوونەوەی دووەمی سەرۆكی فراكسیۆنەكان لە پێنجشەممەی داهاتوو دیاریكراوە، بۆ تاووتوێكردنی ئەو بڕیارانەی هێزە كوردییەكان پێیگەیشتوون، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە.

بڕیاریشدراوە دانیشتنەكەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ وەرزی یاسادانانی دووەم لە ساڵی یاسادانانی یەكەم هەفتەی داهاتوو دەستپێبكات و مانگانە هەشت دانیشتن ئەنجامبدرێت.

هۆڵی پەرلەمانی عێراق

لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا میدیا عێراقییەكان بڵاویانكردەوە لە كۆبوونەوەكەدا ڕێككەوتن كراوە لەسەر ئەوەی هەفتەی داهاتوو دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ئەنجامبدرێت.

هاوكات لەگەڵ پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، شیعەكان، لە دەرەوەی سەدر، سەرقاڵی دیاریكردن و یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆكی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیرانن و چەند ناوێك بۆ وەرگرتنی پۆستەكە هاتوون.

بەوتەی میدیا عێراقییەكان و سەركردەكانی چێوەی هەماهەنگی، شیعەكان نزیكن لە یەكلاكردنەوەی ناوی كاندیدی سەرۆكی حكومەتی داهاتوو و دیاریكردنەكە “لە ئان و ساتدایە”.

كاندیدە دیاریكراوەكان كراونەتە دوو هێڵ، لە هێڵی یەکەمی چێوەی هاوئاهەنگیدا، ناوی هەریەک لە نوری مالکی، هادی عامری و حەیدەر عەبادی دێت بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، هەرچەندە موقتەدا سەدر پێشتر وتبووی نابێت “تاقیكراوەكان تاقیبكرێنەوە”، بەو مانایەی ئەوانەی پێشتر پۆستی سەرۆكی حكومەتیان وەرگرتووە، نابێت پۆستەكەیان پێبدرێتەوە.

لە هێڵی دووەمی كاندیدەكانیشدا چەند ناوێك هاتوون، لەوانە، محەمەد شیاع سودانی، قاسم ئەعرەجی، محەمەد سالم غەبان، ئەسعەد عیدانی، تارق نەجم و عەلی شوکری.

تا سەرۆك كۆماری نوێ بۆ عێراق هەڵنەبژێردرێت، هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ناكرێت، بەو پێیەی سەرۆك كۆمار سەرۆك وەزیران ڕادەسپێرێت، بۆیە چاوەكان سەرەتا لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری نوێن.

بابەتی پێشتر

هەولێر.. دەستبەسەر زیاتر لە نیو تۆن ماددەی هۆشبەردا گیرا

بابەتی دواتر

ژمارە و ساڵانە دەدرێت بە ماتۆڕسكیل و تێچووەكەی كەمكرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share