پەرلەمانتارێك: وەزارەتی تەندروستی بازرگانی بە ژیانی منداڵانەوە دەكات

بە بڕیارێكی وەزارەتی تەندروستی ڕێگری لە هاوردەكردنی شیری منداڵان دەكرێت، وەك ئەوەی پەرلەمانتارێك دەیڵێت و ئەو كارەش بە “بازرگانیکردن و دەستبردن بۆ ژیانی منداڵان” ناودەبات.

کاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە نوسینێكدا ڕایگەیاند، بەپێی یاسا (شیری وشک، زەیت، خواردنەوە کحولییەکان و ڕۆن) پێویستیان بە بەشداری بڕیاری ڕاستەوخۆی وەزارەتی تەندروستی هەیە. لە 2021/7/14 و بە ڕێنمایی ژمارە دووی بە نوسراوی (6974) وەزارەتی تەندروستی بڕیاریداوە بە ڕاگرتنی هاوردەکردنی ئەو ماددانە لە دەرەوەی ڕێگەپێدانی وەزارەتەكەیان.

وتیشی، “دوای ساڵێک و لە بەرژەوەندیی چەند بازرگان و کۆمپانیایەک تەنها شیری منداڵان کە گرنگترین بابەتی خۆراکییە ڕێگری لێدەکرێت. ڕۆژانە بە تانکەر خواردنەوەی کحولی، زەیت و ڕۆن بە ڕێگەپێدانی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی دهۆک بەبێ گەڕانەوەی ڕێگەپێدانی وەزارەتی تەندروستی هاوردە دەکرێن”.

بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە “مەترسیدارترین جۆری ڕۆن و زەیت هاوردە دەکرێت لە دەرەوەی هەموو ڕێنماییەکان و وەزارەت ناتوانێت ڕێگری لێبکات، بەڵام شیری منداڵ ڕێگری لێدەکرێت؛ لەکاتێکدا ئەو شیرانەی ڕێگریان لێکراوە هەموویان مارکەی نێودەوڵەتیی دانپێداندراون”.

سەبارەت بەو شیرانەش كە لە ناوخۆدا بەرهەمدەهێندرێن كاروان گەزنەیی دەڵێت، “زۆرێکیان تەنانەت مەرجە تەندروستییەکانیشییان تێدانیە؛ یانی وەزارەت توانای هەیە لە شیری هاوردەی برانداتی جیهانی ڕێگری بکات، بەڵام توانای بەدواداچوونی شیری ناوخۆیی نییە کە ئایا چۆن و لەکوێ دروستدەکرێت!”.

ئەو پەرلەمانتارە بڕیارەكەی وەزارەتی تەندروستی بە “بازرگانیکردن و دەستبردن بۆ ژیانی منداڵان” ناودەبات و دەڵێت، “مەترسیدارترین جۆری بازرگانیکردنە و، سکانداڵێکی خۆراکیی یەکجار گەورەیە و دەبێت ڕێگری لێبکرێت”.

دووپاتیشیدەكاتەوە، ئەو بڕیارە “لەپێناو چەند بازرگان و بەرپرسێکە بۆ ئەوەی خۆڵ بکەن بە قوڕگی منداڵەکانمان؛ وەزارەت پێویستە بەزوویی ئەم بابەتە لە بەرژەوەندیی گشتی چارەسەر بکات، بە پێچەوانەوە کەیسەکە دەبەینە دادگا و سەرجەم بەڵگەکان دەدەینە داواکاری گشتی سەبارەت بە شیر و ڕۆن و زەیت و خواردنەوە کحولییەکان”.

بابەتی پێشتر

تا ڕۆژی هەینی، داهاتووی دی یۆنگ یەكلایی دەبێتەوە

بابەتی دواتر

بەرشلۆنە چوارەم گرێبەست ڕەوانەی بایرن میونشن دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share