دەنكە لمێك لە قوڵایی گەردووندا
شیكارییەك بۆ یەكەم وێنەی تێلسكۆپی جەیمس وێب

دواجار ئاژانسی ناسا پەردەی لەسەر ئەو وێنەیەی قوڵایی گەردوون لادا كە لەلایەن گەورە تێلسكۆپی جەیمس وێب-ەوە گیراوە و شارەزایەكیش بە دەنكە لمێكی نێو قوڵایی گەردوون ناویدەبات.

ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەمریكی (ناسا) لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، تێلسكۆپەكە “قوڵترین و ووردترین وێنەی گەردوونی دووری بە تیشكی ژێر سوور بەرهەمهێناوە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، وێنەكە گەلە ئەستێرەی (SMACS 0723) نیشاندەدات كە زانایان بە “یەكەمین كێڵگەی قوڵی وێب” ناویدەبەن.

خستەڕووی وێنەكە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەكاتی كوردستان بە ئامادەبوونی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا و كامالا هاریس-ی جێگری بەڕێوەچوو.

لوقمان حەوێز، شارەزای كەشناسی و ئەندامی كۆمەڵەی گەردونناسی تێكساس شیكارییەكی بۆ یەكەم وێنەی تێلسكۆپەكە كردووە و ڕایگەیاند، وێنەکە لەڕێگەی کۆکردنەوەی تیشکەکانی خوار سوورەوە چرکێنراوە لە چەند فریکوێنسیەکی جیاوازی تیشکەکانی خوار سوور لەڕێگەی کامێرای تیشکە نزیکەکانی خوار سوور NIR.Cam لەسەر تێلسكۆپەكە کە بۆ ماوەی دوانزە کاتژمێر و نیو ئەو تیشکانەی لەڕێگەی هاوێنەکانیەوە کۆکردۆتەوە.

وتیشی، “ئەوەی دەیبینین قوڵترین دیمەنی گەردوونە، یەکەم وێنەی ورد و ڕەنگاوڕەنگی تێلسکۆپی جەیمس وێب-ە” ئەوەشی وت، “ئەگەر زوومێکی قوڵ بکەیتەسەر وێنەکە ژمارەیەکی زۆر لە خاڵی ڕووناکی زۆر کز و تەڵخ لەنێوان گەلەئەستێرەکان دەبینرێن، ئەوانە یەکەم دیمەنی هەرە دوورترین گەلەئەستێرەکان و هێشووە ئەستێرە سەرەتاییەکانی گەردوونن لە ئێمە کە تائێستا دەستمان کەوتبێت، دیمەنی گەلەئەستێرەکان و دیمەنی تەنەکانی گەردوونن هی پێش نزیکەی 13.6 ملیار ساڵ، واتە ئەو گەلەئەستێرانەی دوای دروستبوونی گەردوون دروستبوون بە نزیکەی 200 ملیۆن ساڵ”.

دەربارەی ئەوەی ڕووبەری ئەم دیمەنە بۆ دید و چاوی ئێمە چەندە ئەگەر بەچاوی ئاسایی تەماشای ئەو شوێنەی ئاسمان بکەین؟ دیمەنەکە هی کوێی ئاسمانە؟ ئەو شارەزایە ڕوونیكردەوە، “هەموو ئەو ڕووبەرەی لەم وێنەیەدا دیارە ئەگەر بەچاوی ئاسایی تەماشای ئاسمان بکەین هێندەی دەنکە لمێکە ئەگەر ئەو دەنکە لمە لە سەری پەنجەی دەستمان دابنێین و ڕووی لە ئاسمان بکەین و قۆڵمان تا دەتوانین درێژبکەینەوە”.

هەروەها سەبارەت بەوەی ئەو پەڵە ڕووناكانە چین و چەند دوورن؟ لوقمان حەوێز ڕایگەیاند، لە وێنە بنەڕەتیەکە کە لەلای ناسایە و قەبارەکەی زۆر گەورەترە دەیەها هەزار گەلەئەستێرە و تەنی تەلخ و کز و هەروەها بریقەدار دەبینرێت، لەم وێنەیەش ئەگەر زۆر بە وردی زوومی بکەیتەسەر، چەند هەزار پەڵەیەکی ڕووناک دەبینین، ژمارەیەک تەنی بریقەدار لە پێشەوەی وێنەکە دەبینرێن ئەوانە چەند ئەستێرەیەکی ڕێی کاکێشانن کە بە چاو نابینرێن، بەڵام لەم دیمەنە دەردەکەون لەبەر ئەوەی کەوتونەتە نێوان تێلسكۆپەكە و قوڵایی گەردوون، ئەوانەی تر کە پرشنگداریەکەیان مامناوەندیە هەموویان گەلەئەستێرەکانی نێو هێشووە گەلەئەستێرەی SMACS.0723ن کە نزیکەی 4.6 ملیار ساڵی تیشکی دوورن لە ئێمە، بەڵام ئەگەر زووم بکرێتە نێوان ئەو گەلەئەستێرانە ئەوا هەزارەها پەڵە ڕووناکی زۆر زۆر کز و تەڵخ دەبینین، ئەوانە گەلەئەستێرە هەرە دوورەکانن، هەندێکیان هێندە دوورن تیشکەکانیان تا ڕادەی 13.6 ملیار ساڵ پێش ئێستا بەڕێکەوتوون و ئێستاکە ئەو تیشکانە دەگەن بە ئێمە، واتە ئەو پەڵە ڕووناکیانەی لە وێنەکەدا دیارن 13.6 ملیار ساڵی تیشکی لە ئێمە دوورن، بەڵام بێگومان لەبەر کشانی بەردەوامی گەردوون لەو کاتەوە ئێستا ئەو گەلەئەستێرە هەرە دوورانە هێشتا گەلێک لەوەش دوورترن.

وێنەكە بە چی چركێندراوە؟ چۆن ئەو گەلەئەستێرە و تەنە هەره دوورانەی گەردوون لە وێنەکەدا دەردەکەون؟ لە وەڵامی ئەو پرسیارانەشدا ئەندامەكەی كۆمەڵەی گەردونناسی تێكساس ڕوونیكردەوە، تێلسکۆپی جەیمس وێب توانایەکی بێوێنەی هەیە لە کۆکردنەوەی تیشکەکانی خوار سوور بەهۆی دووری لە هەسارەی زەوی و مانگ، هەروەها لەبەر ئەوەی تێلسکۆپەکە پشتی لە خۆرە و لەڕێگەی زرێپۆشێکی چەند چینی جیاکراوەتەوە بۆ ئەوەی بەساردی بمێنێتەوە، کامێرایەکی زۆر زۆر بەهێزی تیشکەکانی نزیک خوار سووریشی لەسەرە (NIR.Cam) کە لەڕێگەی هاوێنەکان تیشکە خوار سوورەکان کۆدەکاتەوە، تیشکەکانی خوار سوور زیاتر بڕدەکەن بە بەراورد بە تیشکی بینراو، بۆیە بواری بینینی تەنە هەرە دوورەکانی نێو قوڵایی گەردوون لەڕێگەی تیشکی خوار سوور زۆر زیاترە.

ڕوونیشیكردەوە، ئاژانسی ناسا بۆ چرکاندنی ئەو وێنەیە، هێشووە گەلەئەستێرەی SMACS.0723ی هەڵبژارد بەمەبەستی بینینی گەلەئەستێرە و تەنە هەرە دوورەکانی گەردوون، چونکە ئەو هێشووە گەلەئەستێرەیە وەکو گەورەکەرێک کاردەکات بۆ گەورەکردنی تیشکەکانی گەلەئەستێرەکانی پشتەوە، واتە ئەوانەی زۆر زۆر دوورن و لە قوڵایی گەردوونن، ئەم ڕێگەیە بۆ بینینی قوڵایی گەردوون پێیدەوترێت garvitational.lens.

لوقمان حەوێز ئاشكراشیكرد، چاوەڕوان دەکرێت کاتژمێر 5:30ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە كاتی كوردستان ئاژانسی ناسا کۆمەڵە وێنەیەکی دیكەش بڵاوبکاتەوە لەگەڵ پێدانی زانیاری زیاتر لەسەر ئەم وێنەیە.

بابەتی پێشتر

وادەی گەڕانەوەی حاجییان ئاشكراكرا

بابەتی دواتر

فڕۆكەكانی توركیا بۆردومانی چیایەكی ئامێدی دەكەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share