نەدیم زەهاوی، یەكێكە لەو كەسانەی بۆ شوێنگرتنەوەی بۆریس جۆنسن سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا كاندیدن.
دوای قایلبوونی بۆریس جۆنسن بە دەستهەڵگرتن لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، لە ناوەندی سیاسی و میدیایی بەریتانیادا ناوی چەند كەسێك بۆ جێگرتنەوەی ناوبراو و بوون بە سەرۆك وەزیران خراونەتەڕوو.
بەپێی ڕاپرسییەكان، بین واڵاس وەزیری بەرگریی بەریتانیا، بەهێزترین كاندیدە بۆ وەرگرتنی هەردوو پۆستی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا، ناوبراو لە ڕاپرسییەكاندا 13%ی دەنگی بەشداربووانی بەدەستهێناوە.
بەدوای واڵاس-ـدا، پێنی مۆردۆنت وەزیری سیاسەتی بازرگانی بە 12%ی دەنگەكان و ڕیشی سوناك وەزیری پێشووی دارایی بە بەدەستهێنانی 10%ی دەنگی بەشداربووانی ڕاپرسییەكان وەك دووەم و سێیەم بەهێزترینی كاندیدەكان باسدەكرێن.
لەناو كاندیدەكاندا، نەدیم زەهاوی كە كوردی باشووری كوردستانە و ماوەی دوو ڕۆژە بووەتە وەزیری دارایی بەریتانیا، ناوی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا خراوەتەڕوو.