جۆنسن: ئەگەر پوتین ژن بووایە خاكی ئۆكرانیای داگیرنەدەكرد

بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا

سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا پێیوایە ڤلادیمێر پوتین ئۆكرانیای داگیرنەدەكرد ئەگەر ژن بووایە.

بۆریس جۆنسن سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند، “داگیركاریی پیاوسالارانەی شێتانە نموونەیەکی باشە بۆ ناسینی پیاوسالاری ژەهراوی” و داوایکرد “ژنانی زیاتر لە پۆستەکانی دەسەڵاتدا بن”.

لێدوانەكەی جۆنسن بەر لە كۆبوونەوەی لوتكەی هاوپەیمانیی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) بوو كە تیایدا چۆنیەتیی وەڵامدانەوەی هەڕەشەكانی ئایندە تاوتوێدەكرێت.

بڕیاروایە سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە كۆبوونەوەكەدا كە لە مەدرید بەڕێوەدەچێت، داوا لە سەركردەی وڵاتانی هاوپەیمانییەكە بكات خەرجییە سەربازییەكانیان زیادبكەن.

جۆنسن پاش كۆبوونەوەی لوتكەی G7 لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی (ZDF)ی ئەڵمانی دەربارەی یەكسانیی نێوان هەردوو ڕەگەز و گرنگی فێربوون دوا و وتی، “پێویستمان بە بوونی ژمارەیەكی زیاتری ژنانە لە پۆستە باڵاكاندا”.

وتیشی، “ئەگەر پوتین ژن بووایە، ڕوونە كە وانییە، بەڵام ئەگەر ژن بوایە، باوەڕم نەدەكرد جەنگێكی نێرانەی شێتانە لە داگیركاری و توندوتیژی بكات وەك ئەوەی ئەنجامیدا”.

جۆنسن ئەوەشی خستەڕوو، “ئەگەر نمونەیەكی باشت دەوێت لە پیاوسالاریی ژەهراوی، نمونەكە ئەوەیە كە لە ئۆكرانیا ئەنجامیدەدات”.

بابەتی پێشتر

چێڵسی گورزێکی دووانەیی بە 105 ملیۆن دەوەشێنێت

بابەتی دواتر

سبەی دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share