دەرگا و كامێرا.. كێشەكانی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان

نێو هۆڵی پەرلەمانی كوردستان

دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان دەستیپێكرد، دانیشتنەكە لە سێ بڕگە پێك دێت و لەگەڵ دەستپێكردنیدا، بڕگەی یەكەم بە دەنگی 87 پەرلەمانتار دواخرا بۆ هەفتەی داهاتوو، بەڵام لەكاتی گفتوگۆكانی نێو پەرلەمان پشێوی و دەنگەدەنگ لەنێوان پەرلەمانتاران دروستبوو.

پاش ئەوەی لیژنەی ڕۆشنبیری پێشنیاری كرد، بڕگەی یەكەمی بەرنامەی كاری دانیشتنی پەرلەمان بخرێتە جێگای بڕگەی سێیەم بۆ ئەوەی زیاتر لە یەك وەزیر ئامادەی دانیشتنەكە بن، ئەو پێشنیارە دەنگی 87 پەرلەمانتاری بەدەستهێنا.

دواتر بەشێكی پەرلەمانتارەكان داوایان كرد ڕێگایان بدرێت “خاڵی نیزامی” بخەنەڕوو، لەكاتی ڕێگەدان بە پەرلەمانتار سەرچنار ئەحمەد درا قسەكانی بكات، پاش ئەوەی ئەو پەرلەمانتارە باسی لە “بە نایاسایی بڕینی موچە”ی كرد، سەرۆكی پەرلەمان وتی، “سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان یاساشكێنی نەكردووە و ئەگەر ئێمە كردمان ئەوا دەبێتە خاڵی نیزامی”.

 

كامێراكانی پەرلەمان و شەڕی پەرلەمانتاران

لەكاتی ڕیگادان بە مژدە مەحمود، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەوی وتەكانی بخاتەڕوو، گازندەی ئەوەی كرد كە كامێرای پەرلەمان ناخرێتە سەری.

ڕێواز فایەق ئاماژەی بەوەكرد، “كێشەی پەرلەمانتاران بووەتە ئەوەی كامێرایان لەسەر نییە، ڕاگەیاندنی پەرلەمان تكایە با ئەم كێشەیە چارەسەر بێت”.

بەڵام لەوكاتەی مژدە مەحمود كامێرای پەرلەمان چووە سەری بۆ ئەوەی قسەكانی بكات، عومەر گوڵپی، پەرلەمانتار وەك ئەوەی ناوی لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە هێنرا، لەسەر كاغەزێك دروشمی “خەڵك برسییە كوا حكومەت؟”ی بەرزكردەوە، بەوهۆیەوە كامێرا لەسەر ئەو پەرلەمانتارە لابرا و جارێكی دیكە پرسی كامێرا بووەوە كێشە.

مژدە مەحمود وتی، “مانگی جارێك دانیشتن دەكەین، دەرفەت نادەن قسە بكەین، ئێمە بەس نوێنەری نەوەی نوێ نین و نوێنەری هەموو خەڵكین”، دواتر قسەكانی لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانە پێ بڕا و پێی وترا “كاتت تەواو بووە”.

بەشێك لە پەلەمانتارەكان پاش ئەو ئاڵۆزییە داوایان كرد، سەرۆكی پەرلەمان وەك دەستەڵاتی ئەوەی پێدراوە، “كۆنتڕۆڵی دانیشتنی پەرلەمان بكات”.

“دەرگاكان دابخەن…، دەرگایەك بكەنەوە”

پاش كۆتاییهاتنی كێشەی كامێرا، سەرۆكی پەرلەمان ڕێگای بە پەرلەمانتار هەڵەز ئەحمەد دا بۆ ئەوەی خاڵێكی نیزامی هەبوو بیخاتەڕوو، ئەویش ڕایگەیاند، “هەر دەرگایەكی سەر هۆڵی پەرلەمان 10 پاسەوانی لێن، ئەمە ئینقلابی سەربازی نییە و ئێمە پەرلەمانتارین بۆ دەبێت ئەو پاسەوانانە لەوی بن؟”.

لە وەڵامی ئەو پەرلەمانتارەدا، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بڕیاریدا دەرگاكان دابخرێن، بەڵام پەرلەمانتارێكی دیكە ڕەخنەی لەو هەنگاوە گرت و وتی، “تەندروستیی ئێمە گرنگە و لە بەر مەترسیی كۆرۆنا نابێت دەرگاكان دابخرێن”، بۆیە سەرۆكی پەرلەمان بڕیاریدا یەكێك لە دەرگاكان بەكراوەیی بمێنێتەوە.

بابەتی پێشتر

بافڵ تاڵەبانی: ھاوخەباتی ژنە ئازاد و ئازاکان دەبم بۆ بەدیھێنانی ئامانجەکانیان

بابەتی دواتر

یەكەم ژنە پێشمەرگەی بیانی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share