لە شەش مانگدا لە سلێمانی و هەڵەبجە 255 تۆمەتباری ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی ئاماری شەش مانگی ڕابردووی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی ماددە هۆشبەرەکانی بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکە ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ژمارەکان کەمیانکردووە.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1987دا 26ی حوزەیرانی هەموو ساڵێکی وەک ڕۆژی جیهانیی ماددە هۆشبەرەکان دەستنیشانکردووە، کە ئێستا وەک مەترسییەکی جیهانی سەیردەکرێت و لەسەر ئاستی جیهان ڕێکار بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەگیرێتەبەر.

یاسین عەبدولسەمیع، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 240 تۆمەتباری بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەریان دەستگیرکردووە.

بەپێی ئامارەکەی ئاسایش، لەو ژمارە تۆمەتبارە 229 کەسیان لە ڕەگەزی نێر و 11 کەسیان لە رەگەزی مێ بوون.

هەروەها 67 لەوانە بە تۆمەتی بەزرگانیکردن و هێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون و 137یان بە تۆمەتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی، ئامارەکانی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو کەمیانکردووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان هیچ ماددەیەکی هۆشبەر دروستناکرێت و بەرهەمناهێنرێت ئەوەی دێتە هەرێمی کوردستانەوە لە وڵاتانی دەوروبەرەوەیە.

هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی شارەزوور ئاماری دەستگیرکردنی بازرگانیکردن و بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەری لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە، لەمساڵدا 15 تۆمەتبار دەستگیرکراون، تۆمەتبارەکان سەرجەمیان لە رەگەزی نێرن.

هەروەها لەو ژمارەیە دووانیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون، 13ی دیکەیان بە تۆمەتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و تائێستا پێنجیان سزادراون.

بابەتی پێشتر

لوتكەی كۆمەڵەی حەوت لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت

بابەتی دواتر

تەرمی سێ کۆچبەر دەگەڕێنرێتەوە هەرێمی کوردستان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share