تورکیا بۆردومانی گوندێکی دهۆک دەکات و بریندار هەیە

دیمەنێك لە بۆردومانەكانی پێشووی ناوچە سنوورییەكانی هەرێم فۆتۆ: ئەرشیف

 

 

ئێوارەی ئەمڕۆ تورکیا بۆردومانی گوندی کێستەی سنووری پارێزگای دهۆکی کرد، بەهۆی بۆردوومانەکەوە دوو هاوڵاتیی گوندەکە برینداربوون.

پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا لە دهۆک گواستییەوە، بۆردومانەکەی تورکیا گوندی کێستەی سەربە قەزای ئامێدیی کردووەتە ئامانج، لەئەنجامدا دوو ژن کە دانیشتووی گوندەکەن برینداربوون.

ئەو هاوڵاتییانە ماوەیەک لەمەوبەر بەهۆی مەترسیی بۆردومانەکانی تورکیا گوندەکەیان جێهێشتبوو و چەند ڕۆژێکە گەڕاونەتەوە.

عومەر کامل ، موختاری گوندی قومرێی بەتۆڕی میدیایی ئێستای ڕایگەیاند، بۆردومانەکە کاتژمێر 7:30 ئێوارەی ئەمرۆ بووە، بەوهۆیەوە ژنێک بەناوی (کاژین تەها) کە تەمەنی 30ساڵە و کچێکی دیکە کە تەمەنی نزیکەی 18 ساڵە برینداربوون و بەمەبەستی چارەسەر ڕەوانەی نەخوشخانەی زاخۆ کراون.

موختاری گوندی قومرێ کە گوندەکەیان نزیکە لە گوندی کێستە ئاماژەی بەوەکرد ، کاژین لەگەڵ هاوژینەکەی ماوەیەکە لە ترسی بۆردومانەکانی تورکیا کۆچیان کردبوو بۆ گوندەکەمان ، ماوەی چەند ڕوژێکە گەڕاونەتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە هەر ئەمڕۆ هەینی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکیان لە سنووری گەرمیان کرد و بەهۆیەوە سێ کەس  گیانیان لەدەستدا.

بابەتی پێشتر

یەکێتیی ئەوروپا ناسناوی "کاندید بۆ ئەندامێتی" دەدات بە ئۆکرانیا

بابەتی دواتر

عەلی حەمە ساڵح: لێبڕینی مووچە بەبڕیاری حکومەت بووە و دەبێت بەرپرسیارێتییەکەی هەڵبگرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share