خەڵاتەكانی كامەران دابەشدەكرێن

ئاژانسی مێترۆگرافی، خەڵاتی كامەران نەجم دابەشدەكات و دوو كەس خەڵاتدەكرێن.

لە ساڵیادی بێسەروشوێنبوونی فۆتۆگرافەر كامەران نەجم-دا، ئاژانسی مێترۆگرافی ڕێوڕەسمی “خەڵاتی كامەران” بەڕێوەدەبات و دەڵێت، خەڵاتەكە وەك ڕێزگرتن دەبێت لە کار و کاریگەرییەکانی کامەران نەجم، دامەزرێنەری ئاژانسەکە لە بواری فۆتۆی ڕۆژنامەوانیدا.

بەپێی ئاژانسەكە، خەڵاتی كامەران خۆی لە دوو بەخششدا دەبینێتەوە، بەخششی 12 هەزار دۆلار بۆ ڕۆژنامەنووسێک لە هەر شوێنێکی جیهان بێت بۆ پشتگیریکردنی لە پڕۆژەیەکی ڕووماڵکردنی مەودادرێژ لەگەڵ “خەڵاتی یادكردنەوەی كامەران” كە دەبەخشرێت بە خێزانی فۆتۆگرافەرێك كە لە كاتی ڕاپەڕاندنی ئەركەكەیدا بێسەروشوێن بووبێت.

لە ڕێوڕەسمی ئەمساڵی دابەشكردنی خەڵاتەكانی كامەران-دا، دەستەیەك دادوەری ناسراو بڕیار لەبارەی براوەكانی خەڵاتەكەوە دەدەن، پێكدێن لە جۆرج هێنتن ڕۆژنامەنووس و فیلمسازی دۆکیومێنتەریی بەریتانی، ئاسۆس هەردی یەكێك لە ڕۆژنامەنووسە دیارەكانی كوردستان و عێراق و ئێمیڵی گارسوەیت كە فۆتۆگرافەرێکی ڕۆژنامەوانیی بەریتانییە.

کامەران نەجم فۆتۆگرافەرێکی کوردی عێراقی و دامەزرێنەری مێترۆگرافییە کە یەکەم ئاژانسی فۆتۆگرافییە لە عێراق و هەرێمی کوردستان. لە ماوەی کارکردنیدا، کامەران كاری بۆ دەزگا هەواڵییە نێودەوڵەتییەکانی وەک ڕۆیتەرز و ئەسۆشییەیتد پرێس کردووە. وەک فۆتۆگرافەر كاری بۆ واشنتن پۆست و ڤانیتی فەیر و زە تایمز ئۆف لەندەن و گۆڤاری فاینانشەڵ تایمز و چەندین گۆڤار و ڕۆژنامەی دیکە کردووە.

خاوەنی چەندین خەڵات و ڕێزلێنانە كە گرنگترینیان ماستەرکڵاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لەلایەن وۆرڵد پرێس فۆتۆ.

كامەران نەجم لە 12ی حوزەیرانی 2014 لە کاتی ڕووماڵکردنی شەڕی نێوان پێشمەرگە و داعش لە باشووری کەرکوک بریندارکرا و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.

کامەران لەگەڵ سێباستیان مایەر، فۆتۆگرافەری ڕۆژنامەوانیی ئەمریکی مێترۆگرافییان دامەزراند بە ئامانجی دامەزراندنی ناوەندێکی سەربەخۆی فۆتۆی ڕۆژنامەوانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، کە بەربەستە نەتەوەیی و کەلتووری و ئایینییەکان تێکدەشکێنێت و هانی پێکەوەکارکردن و فێربوون دەدات و گرنگی بە مێژوو و فرەجۆریی عێراق دەدات.

بابەتی پێشتر

سەدر داوا لە پەرلەمانتارانی دەكات دەستلەكاربكێشنەوە

بابەتی دواتر

پێشهاتی نوێ.. ئێران ئامێری نوێی پیتاندنی یۆرانیۆم بونیاددەنێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دۆلار زیاتر دابەزی

نرخی دراوەكان بۆ ئەمڕۆ چوارشەممە لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بڵاوکرانەوە، نرخی دۆلار بەراورد بە دوێنێ كەمێك دابەزی. لە…
Total
0
Share