ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم: هێرشەكەی هەولێر لەلایەن حیزبوڵڵاوە ئەنجامدراوە

ژمارەیەك لەو ئۆتۆمبێلانەی لە هێرشەكەدا زیانیان بەركەوتووە

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانەی لە هێرشەكەی شەوی ڕابردووی هەولێر بەكارهێنراوە لە سنووری شارۆچکەی پردێ لەلایەن میلیشیای حیزبوڵڵاوە ئاراستە کراوە.

ئەنجومەنەكە ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، “هێرشی تیرۆریستیی شەوی ڕابردوو بۆ سەر هەولێر، درێژەی ئەو هێرشانەیە کە بە مەبەستی گوشار بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێن”.

ڕاشیگەیاند، ئەو درۆنەی بۆ ئەو هێرشە بەکارهاتووە لە سنووری شارۆچکەی پردێ لەلایەن میلیشیای حیزبوڵڵاوە ئاراستەی هەولێر کراوە.

لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، دوای هێرشەکە چەندین سایتی فەرمیی سەر بە هێزێکی ناوچەیی، وەک جارانی پێشوو، وایان بڵاوکردووەتەوە کە لەم هێرشەدا ئۆتۆمبێلێکی سەر بە موسادی ئیسرائیلی بە ئامانج کراوە و گوایە کەسێکیش کوژراوە. دەڵێت، “ئەوان لەوانەیە بتوانن ئەو درۆ و دەلەسانە دەرخواردی ڕای گشتی خۆیان بدەن، بەڵام بۆ خەڵکی هەولێر و هەرێم کە بە چاوی خۆیان شوێن و جۆری هێرش و لێکەوتەکانیان بینی، ئەم هەواڵانە بووەتە مایەی گاڵتەجاری”.

دووپاتیشیدەكاتەوە، “ئەوانەی ئەو بانگەشەیە دەکەن، دەیانەوێت شکست و لاوازیی خۆیان پەردەپۆش بکەن، گەرنا با ئاسایشی ناوجەرگەی پایتەخت و شارەکانیان بپارێزن”.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم ڕوونیشیدەكاتەوە، هەرێمی کوردستان هیچ کات پێگەیەک نابێت بۆ هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە، لە هەمانکاتیشدا ڕایدەگەیەنین کە ئەو وڵاتانە دەبێت ڕێز لە سەروەریی خاک و گەلی هەرێمی کوردستان و عێراق بگرن.

شەوی ڕابردوو بە فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی بۆمبڕێژكراو هێرشێك بۆسەر هەولێر ئەنجامدرا، فڕۆكەكە لە شەقامی سەرەكی هەولێر-پیرمام كەوتە خوارەوە و بەهۆیەوە سێ هاوڵاتی برینداربوون، چەند ئۆتۆمبێلێكیش زیانیان بەركەوت.

ئەمڕۆ ئاژانسی فارس-ی ئێرانی بڵاویكردەوە، ئەگەری هەیە سەركردەی تیمی تیرۆر-ی موساد لە ئاكامی هێرشەكەدا كوژرابێت.

ئاژانسەكە لە زاری سەرچاوە جیاجیاكانەوە بڵاویكردەوە، هێرشی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكە سێ ئۆتۆمبێلی كردووەتە ئامانج، بە سەركەوتوویی پێكاویەتی (مەبەست لێی پێكانی بەرپرسە ئیسرائیلییەكەیە).

دەشڵێت، پاش چەند كاتژمێرێك هەندێك سەرچاوەی ڕۆژئاوایی و عەرەبی ڕایانگەیاند، ئۆتۆمبێلەكان شانەیەكی سەر بە دەزگای هەواڵگری سەر بە ئیسرائیلیان گواستووەتەوە، ئەمەش ئامانجی سەرەكی هێرشەكە بووە كە بە بێفڕۆكەوانەكە ئەنجامدراوە.

بابەتی پێشتر

میدیای ئێرانی: ئەگەری هەیە بەرپرسێكی موساد لە هێرشەكەی هەولێر كوژرابێت

بابەتی دواتر

ڕووداوێكی هاتوچۆ مردن و برینداربوونی چوار هاوڵاتیی لێكەوتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share