هەسەدە و ئەمریكا وەڵامی هەڕەشەكانی ئەردۆغان دەدەنەوە

دوای هەڕەشەكانی ئەردۆغان بە هێرشكردنەسەر چەند ناوچەیەكی ڕۆژئاوای كوردستان، هەسەدە دەڵێت، پێشبینی ئەو شەڕەیان كردووە و وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش هۆشداریدەدات.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا ئەمڕۆ لە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەكەی هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشێكی سەربازی بۆسەر دوو شارۆچكە لە ڕۆژئاوای كوردستان دووپاتكردەوە.

ئەردۆغان وتی، “هەنگاو بۆ قۆناغێكی نوێ لە پرۆسەی بونیادنانی ناوچەیەكی ئارام لە 30 كیلۆمەتری نزیك لە سنوورەكانی باشوورمان دەنێین. منبج و تەل ڕەفعەت دەخەینە پاڵی”. هەروەك بەڵێنی هەنگاو بەهەنگاوی بۆ ناوچەكانی دیكەش دا.

لای خۆیەوە فەرهاد شامی بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕایگەیاند، هەسەدە ماوەیەكی درێژە پێشبینی ئەو شەڕەی كردووە.

ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری شامی-یەوە وتیشی، “لە ئەگەری هەر هێرشێكدا، شەڕی دژ بە داعش دەوەستێنین و ڕێوشوینە سەربازییەكانمان دژ بە داگیركاریی توركیا دەستپێدەكەین”.

هاوكات هەر ئەمڕۆ ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا هۆشداریدایە توركیا لە هێرشی سەربازی و وتی، ناوچەكە دەخاتە بەردەم مەترسییەوە.

بلینكن لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسی هاوبەشدا لەگەڵ ینس ستۆلتنبێرگ ئەمینداری گشتیی ناتۆ وتیشی، “ئەو نیگەرانییە گەورەیەی لەدڵماندایە ئەوەیە كە هەر هێرشێكی نوێ دەشێت سەقامگیریی هەرێمایەتی تێكبدات، هەروەها ئەگەری قۆستنەوەی ناسەقامگیری بۆ لایەنە بكەرە نەخوازراوەكان بهێنێتەئاراوە”.

بابەتی پێشتر

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا: ئاهەنگگێڕانی هاوڕەگەزخوازان مایەی شانازییمانە

بابەتی دواتر

350 هەزار دۆلار و هەشت ملیۆن دیناری هاوڵاتییەكیان دزی و هەڵاتن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share