کرێى خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگا تایبەتەکانی هەرێم كەمكرایەوە

خوێندنی باڵای هەرێم ئاشكرایكرد، بە لەبەرچاوگرتنى بارودۆخى دارایى هاوڵاتییانى هەرێمى کوردستان، کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگا تایبەتەکان بەپێى ئەنجامەکانى ڕیزبەندیى نیشتمانیی زانکۆکانى کوردستان بۆ ساڵى (2019)، بە ڕێژەى (10 بۆ 20%) بۆ سەرجەم قۆناغەکانى خوێندن کەمکرایەوە.

لە ڕاگەیەندراوێكدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەمڕۆ یەكشەممە 22ی تشرینی دووەم ڕایگەیاندووە، “ئەمڕۆ بە سەرپەرشتىی د.ئارام محەمەد قادر، سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەت و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئامادەبوونى بریکارى وەزارەت و سەرۆکی زانکۆکان و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت، کۆبوونەوەى تەواوکارى ژمارە (10)ى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەشێوەى ئۆنلاین بەڕێوەچوو”.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، وەزیری خوێندنی باڵا پرسە و سەرەخۆشى ئاڕاستەى سەرجەم خانەوادەی ئەو مامۆستا و فەرمانبەر و خوێندکارانە کردووە كە لەم ماوەیەدا بە هۆى پەتاى کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.

سەبارەت بە کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان، ئارام محەمەد، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاندووە، “هەرێمى کوردستان بە بارودۆخێکى تایبەت گوزەر دەکات بەشێوەیەک پێویستە هەمووان ڕەچاوى بار و گوزەرانى دارایى خەڵکى خۆمان بکەین و لەهەمان کاتیشدا بتوانین هەلى خوێندن بۆ هەمووان دەستەبەر بکەین، لەو چوارچێوەیەشدا بۆ ئەوەى ڕوحیەتى کێبڕکێى زانستى لە دامەزراوە ئەکادیمییەکان بپارێزین و بە لەبەرچاوگرتنى بارودۆخى هاوڵاتییان بڕیارماندا بە کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان”.

وەزری خوێندنی باڵا ئەوەشی ئاشكراكردووە، كەمكردنەوەی كرێی خوێندن بەپێى ئەنجامەکانى ڕیزبەندى نیشتمانیی زانکۆکانى کوردستان بۆ ساڵى (2019) دەبێت كە لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستییەوە ڕاگەیەندراوە بەمشێوەى خوارەوە:

ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى B، بە ڕێژەى (10%) کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە.

ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى C، بە ڕێژەى (15%) کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە.

ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى D، بە ڕێژەى (20%) کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە.

سەرجەم پەیمانگە تایبەتەکان و کۆلێژە زانکۆییەکان بە ڕێژەى (20%) کرێى خوێندنیان کەمدەکرێتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

تەندروستیی سلێمانی: لە یەک مانگدا زیاتر لە 19 هەزار منداڵ لە نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد رەشید چارەسەرکراون

بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی بڵاویکردەوە، لە مانگی حوزەیراندا زیاتر لە 19 هەزار منداڵ لە نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد رەشید…
Total
0
Share