چەند بڕیارێك تایبەت بە تاقیكردنەوەی وەزاریی پۆلی 12 دران

كۆبوونەوەی ئەمڕۆی قوباد تاڵەبانی و ژمارەیەك لە وەزیران فۆتۆ: ئەژی عومەر

بە سەرپەرشتیی قوباد تاڵەبانی کۆبوونەوەیەکی باڵا بۆ ڕێکخستنەوەی پرۆسە‌ی تاقیکردنەوەی وەزاریی پۆلی 12 ئە‌نجامدرا و تیایدا چەند بڕیارێك دران.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ سە‌رپە‌رشتی کۆبوونەوەیەکی باڵای كرد بۆ ڕێکخستنەوەی پرۆسە‌ی تاقیکردنەوەکانی وەزاری پۆلی 12 و ئامادەکارییە‌كان بۆ بەڕێوەبردنی تاقیکردنەوەکان لە کەشێکی ئارام و بێ کێشەدا.

کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی هەریەکە لە‌ وەزیرانی پەروەردە، خوێندنی باڵا، ناوخۆ، کارەبا، پێشمەرگە و گواستنەوە و گەیاندن و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وە‌زیران بەڕێوەچوو و تیایدا تاوتوێی چۆنیەتی چارەسەرکردنی هەموو کێشە و گرفتەکانی بەردەم بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان كرا و بڕیاری پێویست درا.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی كۆبوونەوەكە، وەزارەتی کارەبا ڕاسپێردرا ئامادەکاریی تەواوبکات بۆ ئەوەی کارەبای بەردەوام بۆ هۆڵی تاقیکردنەوەکان دابینبکات، هەروەها وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنیش ڕاسپێردرا لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت هەماهەنگی تەواوبکات بۆ ئە‌وە‌ی بڕیار لە‌سە‌ر چۆنیە‌تی مامە‌ڵكردن لە‌بارە‌ی ئە‌و پرسە‌وە بدرێت‌.

هاوكات بڕیاردرا؛ لە سەرجەم شارەکاندا ژووری ئۆپەراسیۆنی تایبەت پێکبهێنرێت بۆ هەماهەنگیکردن لە نێوان هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان. تاوتوێی چۆنییەتی ڕێکخستنی بەشداریکردنی ئەو خوێندكارانە‌ش کرا کە لە ڕیزی هێزه ئەمنی و سەربازییەکاندان.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەکەدا جەختیکردەوە، دەبێت ئامادەکارییەکان بە جۆرێک بکرێت کە خوێندکاران بێ گرفت تاقیكردنە‌وە‌كان ئە‌نجامبدە‌ن و شکۆ و رێزی مامۆستایانیش پارێزراو بێت.

لە‌ كۆتایی كۆبوونەوە‌كە‌دا، باس لە‌ پرۆسە‌ی وە‌رگرتنی خوێندكاران كرا لە‌ زانكۆ و پە‌یمانگاكاندا و بڕیاردا ئامادە‌كاری بۆ ئە‌و پرسە‌ش بكرێت.

بابەتی پێشتر

پارێزگاری سلێمانی مووچەخۆران دڵنیادەكاتەوە

بابەتی دواتر

پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای قەدەغەكردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share