کارکردنی خانمان بۆ ماوەیەکی درێژ تووشی کێشەی تەندروستیی مەترسیداریان دەکات

ژیانی ئەو خانمانەی کە لەدەرەوە کاردەکەن پڕە لە جەنجاڵی و فشار لەسەریان، ئەگەر دایک بێت سەرەڕای کاری ماڵەوە و کارکردن لەدەرەوە دەبێت ئەرکی دایکایەتیش لەئەستۆ بگرێت، لەگەڵئەوەدا کارکردن لەدەرەوە بۆ خانمان ژمارەیەک کاریگەریی نەرێنیی لەسەر تەندروستییان هەیە.

بەشێک لەو مەترسییە تەندروستییانەی کە بەهۆی کارکردن لەدەرەوە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێکی درێژ دەخەینەڕوو، لەگەڵئەوەی بەشێک لە خانمان هەوڵدەدەن هاوسەنگییەک لەنێوان کارکردن لەدەرەوە و ئەرکەکانی ماڵەوە ڕابگرن بەڵام لەئەگەری تووشبوون بە هەریەکێک لەو حاڵەتانە پێویستە پێداچوونەوە بە سیستمی کاری ڕۆژانەتدا بکەیت.

یەکەم: هەستکردن بە ماندوێتیی بەردەوام

هەستکردن بە ماندوێتی بەشێوەیەکی بەردەوام دەکرێت چەند هۆکارێکی هەبێت وەک، وەرنەگرتنی کاتی تەواوی نوستن، نەخواردنەوەی ئاوی پێویست، یان بەکارهێنانی ڕێژەیەکی زۆر لە خواردنی دەستکرد و خێرا، ئەگەر خانم دایک بێت بەشێک لە کاتەکانی سەرقاڵبوونە بە منداڵ و ئەرکی دایکایەتی ئەمە وادەکات نوستن و خواردنی فەرامۆش بکات، ئەوەش دەبێتە هۆی کێشەی تەندروستی لەوانە، نەخۆشیی شەکرە، نەخۆشییەکانی ڕژێنەکان (غودە) و کەمیی ڤایتامینەکان.

دووەم: کێشە لە سووڕی مانگانە

ڕووبەڕووبوونەوەی خانمان بە ناڕێکی و کێشەی سووڕی مانگانە بۆ ماوەیەکی کاتیی کەم ئاساییە، بەڵام کێشە لە سووڕی مانگانە بە بەردەوامی و دروستبوونی کیس لە خانماندا یەکێکە لە ئەنجامەکانی کاری زۆر و ماوە درێژ لە دەرەوە، کە مەترسیدارن بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکانی شەکرەی جۆری دوو و نەخۆشییەکانی دڵ.

سێیەم: دڵەڕاوکێ و گۆشەگیری

بەشێکی زۆر لەو خانمانەی لەدەرەوە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێکی درێژ کاردەکەن تووشی دڵەڕاوکێ و نیگەرانی دەبن، مێشک توانای وەڵامدانەوەی بۆ سەرجەم کار و پێداویستییەکانی ڕۆژانە نابێت، ئەوەش وادەکات تووشی ژمارەیەک لە کێشەی دەروونی ژیری ببێتەوە، ئەگەری هەیە تووشی گۆشەگیری ببێت بەهۆی کێشە داراییەکان و کێشە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیدا.

چوارەم: کێشە لە کۆئەندامی هەرس

ئەگەری هەیە تووشی کێشە ببێت لە کۆئەندامی هەرسدا بەهۆی ناڕێکی لە ژەمە خواردنەکانی و نەخواردنی خۆراکی تەندروست، دروستبوونی بەکتریا و هەوکردن، لەسەر هەموو خانێک پێویستە لەگەڵ ئەرکە قورسەکانیدا ڕۆژانە سێ ژەمی تەواو بە ڕێکوپێکی بخوات، لەگەڵ ئەوەشدا دوو ژەمی سوک لەنێوان ژەمەکاندا پێویستن.

پێنجەم: بێهێزی

دەکرێت خانمان بەهۆی کاری قورس و نەبوونی ڕەگەزی خۆراکیی پێویست لە ژەمەکانیاندا تووشی بێهێزی ببن، ئەوەش دەبێتەهۆی دابەزینی فشاری خوێن و کەمبوونەوەی توانا جەستەی و هزرییەکانیان بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی ڕۆژانە، دەکرێت هۆکاربێت بۆ تووشبوون بە کێشەی تەندروستیی مەترسیدار.

 

بابەتی پێشتر

125 ملیۆن ساڵ کۆنە.. شوێنەواری داینەسۆڕێک لە چین دۆزرایەوە

بابەتی دواتر

ڤیدیۆ.. مردنی یاریزانێكی بۆكسێن لە كاتی ڕووبەڕووبوونەوەدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share