مەریوان نەقشبەندی: لەبری قەدەغەکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بیكەن

مەریوان نەقشبەندی پەیامێكی لەبارەی پڕۆژەیاسای بە تاواندانانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بڵاوكردەوە و بە دژی بنەماکانی مافی مرۆڤ ناویدەبات.

مەریوان نەقشبەندی نووسەر و چالاکی بواری ئاشتی و پێکەوەژیان كە پێشتر بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی هەرێمی كوردستان بوو، ڕایگەیاند، یاسای قەدەغەکردنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل دژی ھەموو بنەماکانی مافی مرۆڤ و ئاشتی و پێکەوەژیانە.

نەقشبەندی نووسیویەتی، پڕۆژەیاساكە “جگە لەوەی یاسایەکی بە ئیمتیاز ئێرانییە، دژی ھەموو بنەماکانی ئاشتی و پێکەوەژیان و ئازادیی ڕۆژنامەوانی و ئازادیی بیروڕایە و لە یاسای پەسەندکردنی حەشدی شەعبی وەک ھێزێکی چەکداری فەرمیی عێراق مەترسیدارترە و تەنانەت پێچەوانەی دەستووری عێراقیشە”.

بە وتەی مەریوان نەقشبەندی، “دەبوو یاسای قەدەغەکردنی پەیوەندیی سیاسی و سەربازی و ئابوری لەگەڵ ڕژێمی ئێستای ئێران لە پێش ھەر یاسایەکی تری ئەم خوولەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بووایە، چونکە ھێشتا تەپوتۆزی مووشەکە بالیستییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپەکانی سەر بە ئێران لە عێراقدا نەنیشتووەتەوە و خوێنی نزیکەی 600 گەنجی عێراقیی شۆڕشی تشرین لە ناوەڕاست و باشووری عێراق کە بەدەست گرووپە وەلائییەکانی سەر بە ئێران شەھیدکران وشکنەبووەتەوە و ڕژێمی ئێران دەیەوێت تەواوی عێراق بکاتە حەوشەی پشتەوەی خۆی”.

لە پەیامەكەیدا نەقشبەندی داوا لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و ھێزە ئازادیخواز و ئاشتیخوازە ڕەسەنەکانی عێراق دەكات “نەکەونە ژێرباری ئەم پڕۆژە ئێرانییە مەترسیدارە”.

بابەتی پێشتر

قازانجی فرۆشتنی هالاند بۆ دۆرتمۆند 40 ملیۆنە

بابەتی دواتر

براوەكانی خەڵاتی زێرینی بلە ڕاگەیەندران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share