باندێك دەستگیركرا كە ئەندامەكانی چەندین تاوانی دزیكردنیان ئەنجامداوە و یەكێك لە كارە هەمیشەییەكانیان، شەڕكردن بووە بۆ خەڵك لە بەرامبەر وەرگرتنی پارەدا.
باندەكە بە “ئەبولـلەیل” ناسراوە و چوار لە ئەندامەكانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەغداد دەستگیركراون. هەواڵگریی عێراق دەڵێت، چەندین سكاڵایان لە هاوڵاتییانەوە پێگەیشتووە لەبارەی تاوانكاری و دزی و ئەوانیش دوای كۆكردنەوەی زانیاری توانیویانە دەستگیریانبكەن.
بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق، لە كاتی دەستگیركردنیاندا تۆمەتبارەكان چەندین چەك و قەمە و چەقۆیان پێبووە لەگەڵ دەرمانێكی بێهۆشكەردا كە هاوشێوەی ماددەی هۆشبەر بووە.
پۆلیسی فیدراڵی ئاشكرایكردووە كە یەكێك لەو بوارانەی تاوان كە ئەندامانی باندەكە كاریان تیادا كردووە، شەڕكردن و تەقەكردن بووە بۆ خەڵكی تر و لە بەرامبەر ئەو كارانەدا پارەیان وەرگرتووە.