نەخۆشخانەی منداڵانی هەولێر جێی نەخۆشی نەماوە

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر بوونی کێشەی مانەوەی لە نەخۆشخانەی منداڵانی ‏هەولێری پشتڕاستکردەوە و وتی، ئێستا ڕێژەی داخڵبوونی منداڵان ئەوەندە زۆرە، سێ ‏منداڵ لەسەر یەک تەخت دەخەوێنرێن.‏

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، دکتۆر دلۆڤان خۆشناو بەڕێوەبەری گشتیی ‏تەندروستیی هەولێر ڕایگەیاند، بەهۆی زۆربوونی نەخۆشی لەم وەرزەدا، ژمارەی ‏سەردانکردنی منداڵان بۆ بەشی ڕاوێژکاریی نەخۆشخانەی منداڵان زۆر بەرزە، لەگەڵ ‏ئەوەشدا ڕێژەی داخڵبوونیان زۆرە، بۆیە کێشەی نەبوونی تەختی پێویست دروستبووە لە ‏نەخۆشخانەکە.‏

دکتۆر دلۆڤان باسیلەوەکرد، ساڵانە لەم وەرزەدا هەمان کێشە دووبارەدەبێتەوە، ‏هۆکارەکەشی زۆربوونی نەخۆشییە لە وەرزی زستاندا و کێشەکە بەگشتی لە مانگەکانی ‏‏11، 12 و 1دا دروستدەبێت. ‏

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، لەبەرئەوەی نەخۆشخانەی ‏منداڵانی هەولێر ئێستا تاکە نەخۆشخانەیە لە شارەکە کە منداڵی تێدا داخڵدەکرێت، بۆیە ‏لەسەر هەر تەختێک سێ منداڵ دەخەوێنرێن، بەڵام کێشەیەکی کاتییە.‏

سەبارەت بە هەوڵی تەندروستیی هەولێر بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، دکتۆر دلۆڤان ‏دوو چارەسەری وەک هەنگاوی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان ئاشکراکرد، یەکەمیان ئێستا ‏بەردەستە و بەشێکی ڕاوێژکارییە لە بنکەی تەندروستیی شادی، کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە ‏کراوەتەوە و تەنها بەیانیان کراوەیە، بەڵام لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بە ئێوارانیش تا ‏کاتژمێر 12:00ی شەو کراوە دەبێت.‏

ڕێگەیەکی دیکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ‏کەمیی شوێنی مانەوە لە نەخۆشخانەی منداڵان، کردنەوەی بەشێکە لە نەخۆشخانەی ‏ڕاپەڕین لە هەولێر، کە تایبەتە بە داخڵکردنی منداڵ و بەپێی بەڕێوەبەری تەندروستیی ‏هەولێر، زۆرینەی کارەکانی تەواوکراون، تەنها چەند پێداویستییەکی کەمی ماوە، ئەویش ‏لەکۆتایی ئەم مانگە یان سەرەتای مانگی داهاتوو دەکرێتەوە. ‏

دکتۆر دلۆڤان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دوو چارەسەرە ناتوانن بەتەواوی کێشەکە ‏چارەسەربکەن، بەڵام کەمێک فشاری سەر نەخۆشخانەی منداڵانی هەولێر کەمدەکەنەوە.‏

بابەتی پێشتر

ئەمڕۆ بارانبارین بەردەوام دەبێت و سبەینێ دەبێتە نمەباران

بابەتی دواتر

‏(‏NBA‏) میڵواکی باکس و برۆکلین نێتس دۆڕاندنیان تۆمارکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share