پارتی: ئەگەر پەرلەمان کار بە پەیڕەوی ناوخۆ نەکات دەست بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەبەین

وتەبێژی پارتی لەسەر کاری پەرلەمانی کوردستان و ڕاگرتنی دانیشتنەکانەکانی باسی لەوەکرد، حکومەتی هەرێم بۆ کارەکانی چاکسازی پێویستی بە پرۆژەی یاساییە لە پەرلەمانەوە، ئەگەر پەرلەمان کارەکانی بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ نەکات دەست بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەبەن.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان جەختیکردەوە کە حزبەکەی لەگەڵ بەردەوامی کارەکانی پەرلەمانە بەپێی یاسا و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان وتی، “کارەکانی پەرلەمان بابەتێکی یاساییە و پەیوەندی نییە بە ڕا و بۆچوونی لایەنێک، جگە لەوەی کاری پەرلەمان تەنها هەڵبژاردن و ئەنجامدان و ئەنجامنەدانی نییە بۆیە دەبێت بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی خۆی کارەکانی بکات”.

جەختیکردەوە، پارتی پێیباشە پەرلەمان بەردەوامبێت لەکارەکانی چونکە حکومەتی هەرێم بۆ بەرنامەی چاکسازی پێویستی بە پرۆژەی یاسایی دەبێت لە پەرلەمانەوە، “پارتی هەوڵدەدات ئاستەنگەکان لاببرێن و بەگفتوگۆ چارەسەربکرێن، بەڵام ئەگەر پەرلەمان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ کارنەکات یەکێک لەو ڕێگایانەی پەنای بۆ دەبرێت هەڵوەشاندنەوەیەتی و ئەوەش کاتێکە کە ڕێگاکانی گفتوگۆ ئەنجامیان نەبێت”.

ئاماژەی بەوەشکرد کە شاندی باڵایان دەبێت بۆ سەردانکردنی یەکێتی و گۆڕان بەمەبەستی ئاساییکردنەوەی ناکۆکییەکان وتیشی، “شاندمان دەچێتە لای هەموو لایەنەکان، بەڵام لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی و بنەما نیشتمانییەکان”.

سەبارەت بە کۆنگرەی چواردەی حزبەکەی مەحمود محەمەد وتی، “کۆنگرەی چواردەی پارتی زۆری بەسەردا تێپەڕیوە، بەڵام ڕاسپاردە دراوەتە مەکتەبی سیاسی بەمەبەستی پێکهێنانی لیژنەکانی ئامادەکاری کۆنگرە، لەهەفتەی داهاتووەوە ڕێکارەکان دەستپێدەکەن و لە کۆتایی ئەمساڵیشدا پارتی کۆنگرە دەبەستێت”.

بابەتی پێشتر

هیندستان بەنیازە بچێت بۆ هەسارەی زوهرە

بابەتی دواتر

كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی چاڤی دوای بردنەوەی بەرشلۆنە لە بیتس

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share