دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن عێراقەوە دەستورییە؟

یەكێك لە خۆپیشاندانەكانی مامۆستا و فەرمانبەران لە سلێمانی فۆتۆ: كارزان ڕەشید

ئەگەرچی زیاتر لە 100 پەرلەمانتار پشتیوانی خۆیان بۆ ڕاستەوخۆ دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن عێراقەوە دەربڕیوە و وەك ئەوەی پەرلەمانتارێك دەیڵێت، هەنگاوەكە “ئاراستەی تەشریعی خۆی وەرگرتووە”، بەڵام شارەزایەكی دەستوریی كارەكە بە مەحاڵ ناودەبات و دوو مەرج بۆ جێبەجێبوونی ئاشكرادەكات.

دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاستەوخۆ لەلایەن حكومەتی بەغدادەوە و بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو بابەتەیە کە لەلایەن ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی کورد لە بەغداد كاری لەسەركراوە و واژووی پەرلەمانتارانی نەتەوە و پێكهاتەكانی دیكەشی بۆ کۆکراوەتەوە.

بەهۆی ئەوەی ژمارەی پێویستی پەرلەمانتاران پشتیوانییان كردووە، ئەگەری پەسەندكردنی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە لێ چاوەڕوان دەكرێت، بەڵام پڕۆژەكە لەڕووی یاسایی و دەستورییەوە بێ ئاستەنگ نییە.

حاکم شێخ لەتیف، شارەزای دەستوریی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لە ڕووی یاساییەوە ناتوانین بڵێین هەنگاوێکی یاسایی و دەستووریە ناشتوانین بڵێین نادەستورییە، چونکە ئەم پرسە پەیوەستە بە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمیشەوە بۆیە دەبێت دادگای باڵای فیدراڵی بڕیار لەوبارەیەوە بدات و یەکلایی بکاتەوە”.

حاکم شێخ لەتیف وتیشی، “ئەگەر پەرلەمانتاران واژووی لەسەر بکەن و پەرلەمانیش دەنگی لەسەر بدات هیچ لەبارەی موچەی فەرمانبەرانەوە ناگۆڕێت، چونکە پرسی دابەشکردنی موچە لەلایەن بەغدادەوە ڕاستەوخۆ دوو ئەگەری هەیە، یان دەبێت حکومەتی هەرێم ڕەزامەندی لەسەر نیشانبدات کە ئەوەش بە ڕێککەوتن دەبێت، یاخود دەبێت هەرێمی کوردستان هەڵبوەشێتەوە ئەوکاتە بەغداد وەکو پارێزگاکانی دیکەی عێراق مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێم دەکات”.

تائێستا 116 پەرلەمانتار واژۆی داواكارییەكەیان كردووە كە زۆر زیاترە لە ژمارەی پێویست بۆ ئەوەی هەر پڕۆژەیەك بخرێتە بەرنامەی كاری دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، وەك ئەوەی ئامادەكاری پڕۆژەكە باسیدەكات.

ڕێبوار كەریم، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، پرۆژەكە لەلایەن پەرلەمانتارانی كورد و پێكهاتەكانی دیكەوە واژووكراوە و ئەو ئەركی ڕێكخستن و كۆكردنەوەی گرتووەتە ئەستۆ.

وتیشی، “بەپێی پرۆژەكە دەمانەوێت دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بكرێتە ئەلیكترۆنی و ڕاستەوخۆ لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دابەشبكرێت”.

داواكارییەكە لە 27ی تشرینی یەكەمی ڕابردوو ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق كراوە و وەك ئەو پەرلەمانتارە دەیڵێت، “پڕۆژەكە ئاراستەی تەشریعی خۆی وەرگرتووە، لەڕێی ئەو نوسراوەی بەرزمان كردۆتەوە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان، سەرۆكایەتی پەرلەمانیش ئاراستەی لیژنەی تایبەتمەندی كردووە بۆ تەواوكردنی هەموو ڕێوشوێنە یاساییەكان”.

ئەوەشی دوپاتكردەوە كە دەیانەوێت دابەشكردنی ڕاستەخۆی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021دا جێگەی بكەنەوە و بەمەش ببێتە یەكێك لە بڕگەكانی پڕۆژەی بودجە و لەڕێیەوە هەردوو حكومەتی ناوەند و هەرێم بە جێبەجێكردنی ناچاربكەن.

بەڵام حاکم شێخ لەتیف، پێیوایە هەنگاوەکانی پەرلەمانی عێراق تا هەر قۆناغێک بڕوات پێویستی بە ڕەزامەندی عێراق و هەرێمی کوردستانە و وتی، “چونکە پەرلەمان ناتوانێت هیچ بڕە پارەیەک بۆ بودجەی دیاریکراوی عێراق زیادبکات، پەرلەمان دەتوانێت خەرجییەک کەمبکاتەوە لە بودجەدا، بەڵام ناتوانێت کارێک بکات خەرجی و پارە بۆ بودجەی دیاریکراو زیادبکات”.

ئەو شارەزا دەستورییە دەشڵێت، “ئەگەر خوێندنەوەی واقیعی بۆ ئەو هەنگاوە بکەین مەحاڵە عێراق ڕازی ببێت موچەی فەرمانبەران بنێرێت و هەرێمیش داهات و نەوت ڕادەستنەکات، بەغداد ئێستا 320 ملیار ڕەوانە ناکات دواتر چۆن ڕازی دەبێت زیاتر لە 800 ملیار ڕەوانە بکات؟!”.

 

بابەتی پێشتر

ئایا زستانی ئەمساڵیش کارەبای نیشتمانی کەمدەبێتەوە؟

بابەتی دواتر

نیوکاسڵ یونایتد 0 - 2 چێڵسی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
1
Share