خۆبەڕێوەبەریی شەنگال و سوپای عێراق هەڵایەكی پارتی بەدرۆدەخەنەوە

ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال ڕەتیدەکاتەوە ئێستا لە شەنگال شەڕ هەبێت، پارتی دیموکراتی کوردستان بە هاندانی خەڵکی ناوچەکە بۆ جێهێشتنی شەنگال تۆمەتبار دەکات ڕاشیگەیاندووە، “پارتی شەڕێکی تایبەتی دەکات”.

لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال بڵاویکردەوە، پێشتر بەهۆی جموجوڵی سوپای عێراقەوە گرژی و ئاڵۆزی لە شەنگال دروستبوو، بەڵام ئێستا شارەکە ئارامە و هیچ شيڕیک نییە، ئەوەی هەیە پارتییە کە شەڕێکی تایبەتی دەکات لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی “پڕوپاگەندەی ناڕاستەوە”.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، “پەدەکە کە لە 2014دا گەورەترین خیانەتی لە کۆمەڵگای ئێزدی و شەنگال کردووە، لە هەشت ساڵی ڕابردوودا دوژمنایەتییەکی گەورەی بەرامبەر بە کۆمەڵگای ئێزدی و شەنگال نیشانداوە”

ئەنجومەنەکە پارتی بەوە تۆمەتباردەکات، کە هەرگیز نەیویستووە کۆمەڵگەی ئێزدی خاوەنی ئیرادەیەک بێت و ببێتە کۆمەڵگایەکی ئازاد، “گەورەترین تووڕەیی پەدەکە بەرامبەر بە کۆمەڵگای ئێزدی ئەوەیە کە بۆچی ئێزدیەکان نابنە کۆیلە، چونکە پەدەکە دوژمنی ئازادیە”.

ڕاشیگەیاندووە، “پارتی ویستی جارێکی تر بگەڕێتەوە شەنگال، بەڵام کۆمەڵگای ئێمە ڕوبەڕوی ئەو پلانە بوویەوە، کۆمەڵگای ئێزدی دەیان جار ڕایگەیاندووە، کە ڕێگا نادەن جارێکی تر پەدەکە بگەڕێتەوە شەنگال”.

پێشتر یەبەشە ڕایگەیاندبوو کە ئاڵۆزییەکانی شەنگال بە فەرماننی ڕاستەوخۆی تورکیا و هاندانی پارتییە، ئەمڕۆ خۆبەڕێوەبەریی شەنگال جارێکی دیکە جەختدەکاتەوە لەوەی، پارتی دەیەوێت دەوڵەتی عێراق دژی کۆمەڵگەی ئێزدی هەڵوێست وەربگرێت، “بەرپرسانی پەدەکە داوا لە سوپای عێراق دەکەن، هەموو ڕۆژێک هێرش بکەنە سەر شەنگال، دەمانەوێت بڵێین لەم شەڕ و ململانێیانەی ئەم دواییەدا بەرپرسیارێتی پەدەکە لە ئاستی یەکەمدایە”.

ڕاشیگەیاندووە، پارتی لە لایەکەوە دەیەوێت سوپای عێراق شەڕی هێزەکانی بەرخودانی شەنگال بکات و لەلایەکی دیکەشەوە دەستیکردووە بە هەڵگیرساندنی شەڕی تایبەت لەسەرەتای ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەوە تا ئەمڕۆ پەدەکە پەنای بۆ هەموو جۆرە ڕێبازێکی ناشاییستە بردووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال، “ماوەی دوو ڕۆژە پێکدادان ڕاگیراوە و شەنگال ئارامە، بەڵام پەدەکە بە دەنگۆی هەڵە دەیەوێت ترسێکی تر بۆ خەڵک دروست بکات و بەرەو کۆچبەریان ببات زۆرێک لە گروپەکانی سەر پەدەکە بەناوی سوپاوە لەناو خەڵکدا پڕوپاگەندە دەکەن و دەیانەوێت خەڵک بترسێنن”.

پیشتریش دوای سەردانی شاندێکی باڵای سەربازیی عێراق بەسەرۆکایەتی عەبدولئەمیر یارەڵڵا سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق ڕایانگەیاند، کە شەنگال ئارامە و هیچ شەڕ و پێکدادانێک لە شارەکە نییە.

بابەتی پێشتر

نرخی نەوت 110 دۆلاری تێپەڕاند

بابەتی دواتر

لە سلێمانی نرخی بەنزین 50 دینار دادەبەزێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share