ئەوروپا لە قەدەغەكردنی نەوتی ڕوسی نزیكدەبێتەوە

شیكارانی ئابوری پێشبینی دەكەن ڕوسیا لەم هەفتەیەدا گەورەترین گورزی بەربكەوێت، لەگەڵ هەنگاونانی یەكێتیی ئەوروپا بۆ سەپاندنی قەدەغە بەسەر نەوتی ڕوسیدا.

ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز-ی ئەمریكی دەڵێت، “قەڵەمڕەویی بەردەوامی ڕوسیا بە درێژایی چەند دەیەیەك بەسەر بازاڕی وزەدا لە ئەوروپا هەرەسدەهێنێت”.

ڕۆژنامەكە لە زاری شیكارانەوە دەڵێت، ئەگەری هەیە پەیوەندییە نەوتییەكانی نێوان ئەوروپا و ڕوسیا بپچڕێندرێت، بەڵام ئەم هەوڵە كاتی دەوێت و دەبێتەهۆی كەمبوون و بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، دیزڵ، سوتەمەنی فڕۆكە و ئەودوای بەرهەمەكانی دیكە، ئەمەش ئەو دۆخەیە كە ئەو بەكاربەرانەی بەدەست هەڵاوسانەوە دەناڵێنن، ماندوو دەكات، لە كۆتاییشدا ڕێگردەبێت لە بوژانەوەی ئابوریی پاش پەتای كۆرۆنا.

ڕۆژنامەكە لە زاری ریچارد برۆنز سەرۆكی جوگرافیای سیاسی لە Energy Aspects دەڵێت، پەیوەندی لەنێوان دوو بەشی زۆر تێكەڵی سیستمی وزەی جیهانی دەپچڕێت. ئەوەشی وت، “ناكۆكی و ناڕەزایەتی ڕوودەدات و تێچووی دەبێت و، دۆخەكە دژوار دەبێت”.

بڕۆنز وتیشی، “بەڵام دروستكەرانی بڕیاری سیاسی ئەو باوەڕەیان زیادیكردووە كە پێویستە و باشترە ئەو هەنگاوە بە خێراییەكی ڕێژەیی بنرێت. لە هەوڵدابێت بۆ كەمكردنەوەی سەرچاوەكانی پارەداركردنی ڕوسیا یان بۆ سنووردانان بۆ قەڵەمڕەویی ڕوسیا بەسەر ئەوروپاوە”.

هەنگاوەكەی دژ بە نەوت بەشێك لەو هەوڵانە دەبێت بۆ كۆتاییهێنان بە توانای مۆسكۆ بەسەر “كۆنتڕۆڵی پێویستی ئەوروپا بە نەوت” وەك ئەوەی شیكاران بە ڕۆژنامەكەیان وتووە.

نزیكەی 25%ی نەوتی خاوی ئەوروپا لە ڕوسیاوەیە، بەڵام ناكۆكی فراوان هەیە لەسەر ئاستی پشتبەست بە ڕوسیا لەنێو وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپادا.

بەریتانیا، كە ئێستا ئەندام نییە لە یەكێتیی ئەوروپا و بەرهەمی نەوتی لە دەریای باكوور هەیە، دەڵێت، بەشێوەی پلەبەند واز لە وزەی ڕوسی دەهێنێت.

هەریەك لە ئیسپانیا، پورتوگال و فەرەنسا بڕێكی تا ڕادەیەكی كەمی نەوت لە ڕوسیاوە هاوردە دەكەن.

لە 24ی شوباتی ڕابردووەوە شەڕی ڕوسیا بۆسەر ئۆكرانیا دەستیپێكردووە، ئەمەش پەیوەندییەكانی نێوان ڕوسیا لەلایەك و ئەوروپا و ئەمریكا و ژمارەیەك لە وڵاتانی دیكەی جیهان لەلاكەی دیكە بەرەو دژواری بردووە.

بابەتی پێشتر

خۆڵبارین لە شارەكانی هەرێم زیاتر دەبێت

بابەتی دواتر

دەستپێشخەرییەكەی خستەڕوو<br> چێوەی هەماهەنگی داوای ڕێككەوتن لە لایەنە كوردییەكان دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share