وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق هۆکارەکانی دروستبوونی قەیرانی ئاوی خستەڕوو لە وڵاتادا و هۆشداریشیدا کە عێراق لەماوەی 20 ساڵدا 11 ملیار مەتر سێجا ئاو لەدەستدەدات.
عەلی ڕازی وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ڕایگەیاند، قەیرانی ئاو هێشتا مەترسییەکی گەورەیە، هۆکارەکانیشی دەگەڕێتەوە بۆ چەند پاڵنەرێک لەوانە، گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا، کەمبارانی، کەمیی بەفربارین و بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی پلەکانی گەرما.
هەروەها پاڵنەری ناڕاستەوخۆش ڕۆڵیان لە دەروستبوونی قەیرانی ئاودا هەیە لە عێراق، بەپێی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو فراوانبوونی دانیشتووان، دروستکردنی بەنداوی گلدانەوەی ئاو بە قەبارەی زۆر گەورە هەروەها ئەو پرۆژانەی لەسەر ڕووبارەکان دروستدەکرێن هۆکاری دیکەن بۆ بەکارهێنانی زۆری ئاو و دورستبوونی ئەو قەیرانە لە عێراق.
ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن عێراق لەو وڵاتانەیە کە زۆرترین کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوای لەسەرە و زۆرترین زیانیشی بەردەکەوێت.
لە توێژینەوەیەکیدا بۆ ساڵانی 2014 تاوکو 2035 وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو دەریدەخات عێراق زیاتر لە 11 ملیار مەتر سێجا لە تێکرای داهاتی ئاو لەدەستدەدات.
سەبارەت بە چارەسەرەکان وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو ڕایگەیاندووە، بەمەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی ئاو عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ گفتوگۆ دەکات تاوەکو پشکی تەواوی عێراق لە ئاو بگاتە ناو عێراق، هەروەها زیانەکانی بەهۆی وشکەساڵییەوە بەهاوبەشی بێت نەک تەنها عێراق بگرێتەوە.