هێزەکانی ئەسەد گەمارۆی کوردەکانیان داوە.. هەسەدەش وەڵامدانەوەی هەیە

لەسەرەتای مانگی نیسانەوە هێزەکانی “فیرقەی چوار”ی سەربە ڕژێمی سوریا گەمارۆی هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە-یان داوە لە شاری حەڵەب، ئەمەش وای لە هەسەدە کردووە هەمان سیاسەت لە ڕۆژئاوا بەکاربهێنێت کە ناوچەی جێگە زۆرینەی لایەنگرانی ڕژێمی سوریان لە حەسەکە وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ گەمارۆی سەر کوردەکانی حەڵەب.

لەگەڵئەوەی چەند گەڕێکی دانوستانەکانی نێوان ڕژێمی سوریا و خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا بە ئامادەیی ڕوسیا بەڕێوەچووە، بەڵام هیچ یەکێک لەو دانوستانانە نەیانتوانیوە ئەو گەمارۆیانە بشکێنن کە کاریگەریی نەرێنیی ڕاستەوخۆی لەسەر خەڵکی سڤیل هەیە.

هەسەدە هێزەکانی لە قامیشلۆ و دەروبەری ساڵانێکە هەن، سەرەڕای بوونی بنکەی سەربازیی ڕوسیا لەو شارە، سەرچاوەیەکی نزیک لە هەسەدە ڕایگەیاندووە، دەزگا ئەمنییەکانیان “ئاسایش” کۆنترۆڵی نزیکەی 10 دامەزراوەی حکومییان کردووە لە قامیشلۆ کە پاڵپشتیکەری خۆراک و دانەوێڵە و پەروەردەن لەناو دڵی شاری قامیشلۆ کە سەرجەمیان سەربە ڕژێمی سوریان.

ئەوە حەوتەم ڕۆژە لەسەریەک وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ گەمارۆدانی کوردەکانی شاری حەڵەب لەلایەن ڕژێمی سوریاوە کە لەسەرەتای ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە و تائێستا بەردەوامە، هەسەدە ڕێگری لە چوونی گەنم و وزە بۆ پارێزگای حەسەکە، ئەوەش دوای ئەوەی هێزەکانی ڕژێمی سوریا گەمارۆی چوونی ئارد و بەرهەمە خۆراکییەکانیان بۆ نزیکەی 200 هەزار کورد لە حەلەب داوە.

لەبارەی گەمارۆکانی سەر کوردانی حەڵەبەوە لوقمان ئەحمی وتەبێژی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا ڕایگەیاند، “ئەوەی هێزەکانی ڕژێمی سوریا لە حەڵەب بەرامبەر کوردەکان دەیکەن تاوانی جەنگە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو هەنگاوەی ڕژێمی سوریا دژی خەڵکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە بۆ تەرساندن و تۆقاندنیانە بە هەڕەشەی برسیکردن.

چالاکوانی سیاسیی سوری فەرید سەعدون لەبارەی هۆکاری گەمارۆ سەر کوردانی حەڵەب دەڵێت، هیچ هۆکارێکی قایلکەر لەپشت ئەو گەمارۆیەوە نییە.

بەپێی وتەی ئەو چالاکوانە بیانووی حکومەتی سوریا بۆ گەمارۆدانی نزیکەی 200 هەزار کورد لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، بوونی ژمارەیەک داواکراوە لەلایەن حکومەتەوە کە خۆیان ڕادەستناکەن، ئەمە تەنها بیانووی سەرەکییانە.

لەگەڵئەوەی بەهۆی دروستبوونی قەیرانی نان لەو دوو ناوچە کوردییە، هەسەدە داوایکردووە ژمارەیەک نانەواخانە دروستبکرێن و ئاردیان بۆ ڕەوانە بکرێت، بەڵام ڕژێمی سوریا ئەو داوایەی ڕەتکردووەتەوە.

لەبەرامبەر ئەو سیاسەتی برسیکردنەی ڕژێمی سوریا لە حەڵەب هەسەدە هەوڵدەدات وەک فسارێک ڕێری لە چوونی ئارد و وزە بۆ بەشێک لە حەسەکە و قامیشلۆ بکات لەو ناوچانەی جێگە جەماوەری زۆری ڕژێمی سوریان.

ئەوەی ئێستا لەو ناوجانە ڕوودەدات دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئاڵۆزیانەی لە مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوودا لەنێوان هەسەدە و هێزەکانی ڕژێمی سوریا لەناو حەسەکە و قامیشلۆ ڕویدا و گەیشتە ئاستی پێکدادانی چەکداری.

ناکۆکییەکانی نێوان ئەو دوولایەنە کۆتاییان هات بەبێ ڕێککەوتنێکی ڕوون لەنێوان هەردوولا، بەهۆی نەبوونی هیچ ڕێککەوتنێکی ڕوون لەنێوانیان بۆ ئیدارەکردنی ناوچەکە هەر ناکۆکی و جیاوازییەک لەنێوان خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا و ڕژێمی سوریا تەنانەت ئەگەر زۆر بچوکیشبێت دەبێتەهۆی ململانێ و ناکۆکیی توند.

فەرید سەعدون چالاکوانی سیاسی دەڵێت، زۆر هۆکار ڕێگرن لەوەی ناکۆکییەکانی ئەمجارە بگەنە پێکدادانی سەربازی لە گرنگترینیان تێگەیشتنی هەردوولایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە گفتوگۆ، هەروەها ئەم کێشەیە بەرەوە چارەسەربوون هەنگاودەنێت بەتایبەت دوای دەستپێشخەریی نیەتباشی لە هەسەدەوە و بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە لە حەسەکە.

لە کۆبوونەوەکەدا هەسەدە بەڵێنیدا بە گەڕاندنەوەی کۆلێژی کشتوکاڵ بۆ سەرۆکایەتیی زانکۆ و گەڕاندنەوەی سەرجەم ئەو دامەزراوە حکومییانەی کۆنترۆڵی کردبوون و ڕێگەدان بە کارمەندەکانی بۆ گەڕانەوە بۆ سەر کارەکانیان.

تائێستا هیچ بەرەوپێشچوونێک لە دۆخی حەسەکە و حەڵەبدا نییە، بەهۆی ئەوەی لایەنی سوری پێیوایە ئەم گەڕەی دانیشتنەکانی لەدەستداوە، هەروەها لایەنی ڕوسیش لە دۆخێکدا نییە خۆی سەرقاڵبکات بەو کێشە لاوەکییانەوە.

بابەتی پێشتر

گرنگترین تایبەتمەندییە چاوەڕوانکراوەکانی کاتژمێرە نوێیەکەی ئەپڵ

بابەتی دواتر

تەندروستی بڕیاریدا کارتی ڤاکسین بۆ ئەوانە بکات کە یەک ژەمیان وەرگرتووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share